ئەنجوومەنی گەل لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە حەلەب، ڕای گەیاند کە ڕووبەڕووی هێرشی چەکی قورس و بۆردمانی توند بوونەتەوە و ئامانج لێی گۆڕینی دیموگرافیای شارەکەیە، هاوکات ڕەتی دەکەنەوە خۆیان تەسلیم بکەن و بڕیاری بەرگرییان داوە.
ئەمڕۆ هەینی نۆی کانوونی دووەمی 2026، ئەنجوومەنی گەل لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە بەیاننامەیەکدا بۆ ڕای گشتی ئاشکرای کرد، لە ڕۆژی شەشی ئەم مانگەوە گەڕەکەکانیان بە چەکی قورس بۆردمان دەکرێن و بەهۆیەوە مزگەوت، قوتابخانە، نەخۆشخانە و ماڵی هاووڵاتییان کراونەتە ئامانج.
ئەنجوومەنەکە هۆشداری دەدات کە ئامانجی ئەو هێرشانە "ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییە دەرھەق بەو خەڵکەی سەدان ساڵە لەوێ دەژین، هەروەها هەوڵدانە بۆ کۆچپێکردنی زۆرەملێ و گۆڕینی دیموگرافیای شارەکە".
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، حكوومەتی کاتیی دیمەشق لەژێر ناوی (سوپای نوێی سووریا) و بە پاڵپشتیی دەوڵەتی تورکیا و گرووپەکانی، ئەم هێرشانە ئەنجام دەدات.
دۆخی مرۆیی و لەکارکەوتنی نەخۆشخانە
ئەنجوومەنەکە ئاشکرای کردووە، بەهۆی بۆردمانەکانەوە نەخۆشخانەی (خالید فەجر) لە گەڕەکەکە بەتەواوی لەکار کەوتووە و هیچ دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان نەماوە، ئەمەش "تاوانی جەنگە" و قەیرانێکی مرۆییی مەترسیداری دروست کردووە.
بڕیاری مانەوە و بەرگری
سەبارەت بە داواکاریی حكوومەتی دیمەشق بۆ خۆبەدەستەوەدان، ئەنجوومەنەکە دووپاتی کردووەتەوە، ئێمە وەک ئیدارەی ئەنجوومەنەکان گوشارەکان قبووڵ ناکەین، بەهۆی سیاسەتەکانی حكوومەتی دیمەشق و ئەو کۆمەڵکوژییانەی ئەنجامی داون، متمانەمان پێیان نییە ئاسایش و گەڕەکەکانمانیان ڕادەست بکەین.
لە کۆتاییدا هاتووە، بڕیارمان داوە لە گەڕەکەکانمان بمێنینەوە و بەرگری بکەین، داواش لە خەڵک دەکەین بچنە نەخۆشخانەی خالید فەجر بۆ گرنگیدان بە بریندارەکان و کەوتنە دۆخی ئامادەباشییەوە.