دوای ئەوەی ئەمەریكا هەڕەشەی هێرشكردنی سەربازیی بۆ سەر كۆڵۆمبیا كرد، بەدوایدا سەرۆكی ئەو وڵاتە پێوەندیی بە سەرۆكی ئەمەریكا كرد و لە گفتوگۆیەكدا گەیشتنە ئەوەی سەردانی كۆشكی سپی بكات. ئەمڕۆیش سەرۆكی كۆڵۆمبیا رای گەیاند، سەردانی ئەمەریكا دەكەم لە پێناو رێگریكردن لە جەنگی جیهانی.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ شەموو 10ی كانوونی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، گۆستافۆ بیترۆ سەرۆكی كۆڵۆمبیا بۆ رۆژنامەنووسان گوتی، نیازی هەیە بەمزووانە بچێتە ئەمەریكا و ئەویش لەسەر بانگێشتی دۆناڵد ترەمپ بووە بۆ كۆبوونەوەیان لە كۆشكی سپی، مەبەستی لە سەردانەكەی لە پێناو رێگریكردنە لە هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی.
سەرۆكی كۆڵۆمبیا لە پرسیارێكی تۆڕی "سی بی ئێس"ی ئەمەریكی لەبارەی ئەوەی سەردانەكەی لە پێناو وەستانی جەنگە لە ئەمەریكا لاتین؟ رای گەیاند كە "مەبەستی سەردانەكەی رێگریكردنە لە هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی".
ئەو هەنگاوەی بیترۆ لە ژێر سێبەری لێدوانەكانی پێشووی بوو كە مەترسییەكی زۆری هەیە، ئەمەریكا دەستوەردانی سەربازی لە دژی وڵاتەكەی بكات و لەوە ترساوە نەك هەمان چارەنووسی مادورۆ سەرۆكی ڤەنزوێلا، چارەنووسی ئەویش بێت.
رۆژنامەی "باییس"ی ئیسپانی ئەوەی بڵاو كردووەتەوە، ترەمپ لە گفتوگۆ تەلەفۆنییەكەی لەگەڵ بیترۆ، راستەوخۆ پێی گوتووە كە نیازی هەیە ئۆپراسیۆنێكی سەربازی لە دژی كۆڵۆمبیا ئەنجام بدات. بەڵام ئێستە و دوای گفتوگۆكە ئەو بڕیارەی سڕ كردووە.
ئەو رووداوانە دوای ئەوە هات كە لە سێی ئەم مانگە "كانوونی دووەم" ئەمەریكا هێرشی كردە سەر ڤەنزوێلا، لەو هێرشەدا سەرۆكی وڵاتەكە و هاوسەرەكەی رفاند و بۆ نیویۆركی گواستنەوە، مەبەستی دادگاییكردنی مادورۆ بووە لەبارەی پرسی مادەی هۆشبەر.