بانگه‌وازێك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى خۆسه‌ر له‌ رۆژئاواى كوردستان

:: AM:10:57:10/01/2026 ‌

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان، بانگەوازێكی بڵاو كردووەتەوە و دەڵێ، پێشبینیی كوشتارێكی بە كۆمەڵ دەكەین و داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەكەین، دەستبەجێ كار بۆ وەستاندنی بۆردمانی شێخ مەقسوود بكەن.

ئەمڕۆ شەموو 10ی كانوونی دووەم، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان، بانگەوازێكی بەپەلەی بڵاو كردووەتەوە و دەڵێ، "ئەوەی پێشبینی دەكەین مەترسی لەناوبردن و كوشتاری بەكۆمەڵ هەیە، ئێمە لە خۆسەر بانگەوازێكی بەپەلە بۆ رای گشتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بڵاو دەكەینەوە، بۆ هەموو هێزە نێودەوڵەتییەكان و دامەزراوە مرۆیی و مافپەروەرەكان، لەبارەی بە ئامانجگرتنی راستەوخۆ و مەبەست كە كراوەتە سەر نەخۆشخانەی خالید فەجر لە گەڕەكی شێخ مەقسوودی شاری حەلەب لە هەر رۆژی یەكەمی هێرشەكانەوە".

لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، "بۆردمانی سەربە نەخۆشخانەكە بەردەوامە كە بنكەیەكی تەندروستیی سڤیلە، ئەمە تاوانێكی جەنگە و پێشێكلردنی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەكانە، هەڕەشە لە ژیانی نەخۆش و بریندار و تیمە تەندروستییەكان دەكات، هەروەها مەترسیی راستەقینەیە بۆ كەوتنەوەی كوشتارێكی مرۆیی لە ئەنجامی پەككەوتنی خزمەتگوزاریی تەندروستی".

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دووپاتی دەكاتەوە، بەردەوامبوونی بۆردمانكردن كارەساتێكی مرۆیی و تەندروستیی لێ دەكەوێتەوە، دەبێتە هۆی بێبەشبوونی خەڵكی سڤیل لە چارەسەر، زیادبوونی ژمارەی قوربانیان و بڵاوبوونەوەی ترس و تۆقین لە ناو خەڵك.

لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا دەڵێ، "داوا لە هێزە نێودەوڵەتییەكان و نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە مرۆییەكان دەكەین، دەستبەجێ بێنە ناو بابەتەكەوە بۆ وەستاندنی بۆردمان، لەگەڵ دابینكردنی پاراستنی تەواوی نەخۆشخانە و دامەزراوە پزیشكییەكان، لەگەڵ گەرەنتیكردنی بەردەوامبوونی كاری تیمە تەندروستییەكان بێ هیچ كۆسپێك".



 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل