بەپێی تۆماری یەك لە چەكدارەكان.. ئەبو عەمشە فەرمانی كوشتنی بەكۆمەڵی كورد دەدات

:: PM:01:12:10/01/2026 ‌
تۆمارێكی دەنگی یەكێك لە چەكدارانی گرووپەكانی سەربە وەزارەتی بەرگریی سووریا دەڵێت: بە فەرمانی سەركردە  "محەمەد جاسم – ئەبو عەمشە"،  داوای كوشتنی بەكۆمەڵ لە چەكدارەكانی دەكات.

بەپێی زانیارییەكان ئەم فەرمانانە، لەلایەن سەركردە "محەمەد جاسم – ئەبو عەمشە" دەرچووە، كە پێشتر بەریتانیا سزای بەسەردا سەپاندووە لە چوارچێوەی ئەو گرووپانەی سەربە وەزارەتی بەرگریی سووریان.

ناوەڕۆكی تۆمارەكە بەم شێوەیەیە: چەكدارێك فەرمانەكان دەگوازێتەوە بۆ چەكدارێكی تر بە ناوی "ئەبو ئەحمەد"، تا بەسەر چەكدارەكانی تردا  گشتگیری بكات.

ئاماژە بەوە دەكات، كە ڕێنوێنییەكان لەلایەن محەمەد جاسم "ئەبو عەمشە" دەرچوون و ئەمانە لەخۆ دەگرن:

بانگەشەكردن بۆ كوشتنی هەر كەسێك لە نەتەوەی كورد بەبێ جیاوازی. گرتنی منداڵان و ژنان و بەساڵاچووان بەبێ ڕەچاوكردنی تەمەن. جێبەجێكردنی كوشتن دەستبەجێ دوای گرتن بەبێ وێنەگرتن یان بەڵگەنامەكردن.

ئەبو عەمشە كێیە؟
عەمید محەمەد حوسێن جاسم ناسراو بە "ئەبو عەمشە" كە لە ماوەی رابردوودا وەك فەرماندی فیرقەی 25 لە گوندەواری حەما دەستنیشان كراوە، پێشتر ئەزموونێكی خراپی پڕ لە پێشێلكاریی مرۆیی هەیە، ئەوكاتەی فەرماندەی گرووپی سوڵتان سلێمان شای سەربە توركیا بوو لە عەفرینی باكوری حەلەب.

لە ماوەی چەند مانگی رابردووشدا، هەر گرووپەكەی ئەبو عەمشە هێرشی چەكدارییان كردووەتە سەر ناوچە زۆرینە عەلەوینشینەكانی دەوروبەری حەما، بە زەبری هێز دەستیان بەسەر زەوی و ماڵ و موڵكی خەڵكدا گرتووە، كەشێكی توندی سەربازییان لە ناوچەكە خوڵقاندووە، بە پاڵپشتیی ئەندامانی هۆزەكەی خۆی كە بە ئەبو عەمەشات ناسراون.

پێش دەستپێكردنی شەڕی ناوخۆیی سووریا، ئەبو عەمشە لە گوندی جۆسە لە گوندەواری حەما شۆفێری ئۆتۆمبێلی گەورە بووە، هەرزوو پێوەندیی بە گرووپە چەكدارەكانەوە كردووە، دواتر هێزێكی تایبەتی بەناوی سوڵتان سلێمان شا دروست كرد كە لەلایەن توركیاوە پڕچەك كرا و سەرپەرشتیی دەكرا. 

مانگی ئاداری 2025، یەكێتیی ئەوروپا بە فەرمی ئەبو عەمشە و گرووپی چەكداری سوڵتان سلێمان شای خستە ژێر سزاكانیەوە، بەهۆی ئەوەی گرووپەكەی بەشدار بوون لە كردەوە توندوتیژییەكانی كەناراوەكانی سووریا دژی عەلەوییەكان و كۆمەڵكوژیی هاووڵاتییانی سڤیل، ئەنجامدانی پێشێلكاریی گەورە دژی مافەكانی مرۆڤ لە ناوچەكەدا.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكا، بەرانبەر ئەو پێشێلكارییانەی دژ بە هاووڵاتییانی عەفرینی رۆژئاوای كوردستان ئەنجامی دابوو لە كوشتن و رفاندن و دەستدرێژی و دەربەدەركردنیان، لە سەروبەندی داگیركردنی ئەو شارە بە پاڵپشتیی سوپای توركیا، گرووپی سوڵتان سلێمان شا و فیرقەی حەمزەی خستە لیستی سزاكانیەوە.




وشە - سۆران عەزیز