فەرماندەی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب، كە ئێستە ئەركی بەرگریی دژی چەكدارانی حكوومەتی سووریا پێ سپێردراوە، رای گەیاند كە گەلەكەمان لەگەڵمانن و خواش لەگەڵ ئێمەیە، بۆیە سەردەكەوین.
ماوەی چەند ڕۆژێكە كە چەكدارانی حكوومەتی سووریا هێرشیان كردووەتە سەر حەلەب، بەڵام رێگرییان لێ كراوە، لە دوایین پێكهاتدا دوێنی هەسەدە بڕیاری بەرگری دا، ئەمڕۆیش چەكداران بە هەموو هێزێكی سەربازی ناوچەكەیان بۆردمان دەكرد.
ئاخین نوجان فەرماندەی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب، پەیامێكی بڵاو كردووەتەوە و دەڵێ، ئەمڕۆ ڕۆژی ئێمەیە، نەك تەنیا بۆ شێخ مەقسوود، ڕاستە ئێمە لێرەین، بەڵام نوێنەرایەتیی هەموو ڕۆژئاوای كوردستان و كورد دەكەین، ئیرادە و ورەی بەرزی ئێمە دەرەقەتی چەك و تۆپ و تانك و فڕۆكەی ئەوان دێت.
دووپاتیشی كردەوە كە ئەگەر چەكداران لێرە بڕووخێنین و شكستیان پێ بهێنین، جارێكی تر بوێری ناكەن هێرش بكەنەوە سەر كورد و ڕۆژئاوای كوردستان.
"تەماشای تانك و تۆپی ئەوان مەكەن، هەمووی ئاسنە، ئیرادەی لەگەڵدا نییە، تەنیا ئیرادەی مرۆڤ دەتوانێت ئەو چەكانە بێ كاریگەر بكات، ئەو ئیرادەیەش لای ئێمە هەیە، گەلی خۆمان و خوامان لەگەڵدایە"، فەرماندەكە وا دەڵێ.