هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب رەتی دەكەنەوە كە چەكدارانی حكوومەتی كاتیی سووریا شەڕیان لە گەڕەكی شێخ مەقسوود راگرتبێت و دەڵێن، ئەوە تەنیا دەنگۆیە و دوورە لەراستی.
ئاسایشی ناوخۆی حەلەب رای گەیاند، میلیشیاكانی سەر بە سوپای عەرەبی سووریا نەك هەر پابەندی هیچ ئاگربەستێك نەبوون، بەڵكو بە تانك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان نەخۆشخانەیەكی مەدەنییان بۆردمان كردووە و هێرشێكی توندیشیان كردووەتە سەر گەڕەكەكە.
هەروەها دووپات دەكەنەوە، ڕاگرتنی شەڕ تەنیا دەنگۆیەكی چەواشەكارانەیە و مەبەستیش لەوە، شاردنەوەی راستییەكانە كە سەتان پێشێلكاری زەقی یاسا نێودەوڵەتییەكانیان ئەنجام داوە.
باسیان لەوە كردووە، کە توانیویانە هێرشێكی زۆر فراوانی ئەو میلیشیایانە بۆ سەر كەرتی ڕۆژئاوای گەڕەكی شێخ مەقسوود تێكبشكێنن، لەو ڕووبەڕووبوونەوانەدا، هێزەكانی ئاسایش توانیویانە ئۆتۆمبێلێكی سەربازیی زرێپۆشی هێرشبەران تێكبشكێنن و ناچاریان بكەن پاشەكشە بكەن.