هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب، وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکانی میدیای حكوومەتی دیمەشق بە "چەواشەکاری" ناو دەبات و ڕای دەگەیەنێت، ئەوانەی دەگوازرێنەوە هاووڵاتیی مەدەنین و لەژێر بۆردماندا بەزۆر کۆچیان پێ دەکرێت، نەک شەڕڤان.
ئەمڕۆ شەموو 10ی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی ڕاگەیاندنی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاوی کردەوە "میدیای گرووپەکانی سەر بە حكوومەتی دیمەشق لە هەوڵێکی نائومێدانەدا بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی، وێنەی پاسەکان بڵاو دەکەنەوە کە خەڵکی مەدەنیی گەڕەکی شێخ مەقسوود دەگوێزنەوە و بە درۆ بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەوانە شەڕڤانی ئێمەن".
ئاسایش ڕوونی کردووەتەوە، ئەو هاووڵاتییانە لەژێر بۆردمانی دڕندانەی تۆپخانەکاندا کە ماوەی پێنج ڕۆژە بەردەوامە، بەزۆر کۆچ پێ دەکرێن و قوربانیی دەستدرێژیی ئەو گرووپانەن.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا ئاسایش ئایشكرای كردووە کە ڕفاندن هەیە و دەڵێت ئەو وێنانە هی خەڵکی مەدەنین، جگە لەوەی ژمارەیەک گەنجی مەدەنی لەلایەن ئەو گرووپانەوە ڕفێنراون و بۆ شوێنی نادیار گواستراونەتەوە.
ئاسایشی حەلەب دووپاتی کردووەتەوە کە ئەو بانگەشانەی باس لە دەرچوونی شەڕڤانان دەکەن، بەتەواوی دوورن لە ڕاستییەوە.