نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمەریکا لە دیمەشق، لەگەڵ سەرۆکی سووریا کۆ بووەوە و ڕای گەیاند، بە بڕیاری ترەمپ سزاکان لەسەر ئەو وڵاتە هەڵگیراون، هاوکات نیگەرانیی خۆی لە دۆخی حەلەب دەربڕی و داوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی یەکخستنی هێزەکان دەکات.
ئەمڕۆ شەموو 10ی کانوونی دووەمی 2026، تۆم باراک نێردراوی تایبەتیی ئەمەریکا بۆ سووریا، لە تویتێکدا وردەکاریی سەردانەکەی بۆ دیمەشق و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە.
باراک ئاشکرای کردووە، سەرۆک ترەمپ ئەم ساتەوەختە بە هەلێکی یەکلاکەرەوە دەزانێت بۆ "سووریای نوێ"، وڵاتێک کە تێیدا هەموو پێکهاتەکان لەوانە (عەرەب، کورد، درووز، مەسیحی، عەلەوی، تورکمان و ئاشووری) بە ڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و بەشداریی کارایان لە حوکمڕانیدا هەبێت.
لە پەیامەکەدا هاتووە، لەبەر ڕۆشنایی ئەم هەلەدا، ترەمپ ڕازی بوو بە هەڵگرتنی سزاکان بۆ ئەوەی دەرفەتێک بدات بە سووریا بۆ بەرەوپێشچوون.
پشتیوانی بۆ حكوومەت و مافی کورد
نێردراوی ئەمەریکا ڕای گەیاند، وڵاتەکەی پێشوازی لە گواستنەوەی مێژوویی سووریا دەکات و پشتیوانیی خۆی بۆ حكوومەتی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع دووپات دەکاتەوە بۆ سەقامگیرکردنی وڵات.
لەبارەی هەسەدەوە، باراک دەڵێت، ئەمەریکا ماوەیەکی درێژە پشتیوانی لە هەوڵەکانی تێکشکاندنی داعش دەکات، لەوانەش لە ڕێگەی هاوبەشیمان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە قوربانییەکانیان ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە.
لەو چوارچێوەیەدا، حكوومەتی سووریا پابەندبوونی خۆی بە (ڕێککەوتنی یەکخستن)ى ئاداری 2025 لەگەڵ هەسەدە دووپات کردووەتەوە، کە چوارچێوەیەک دادەنێت بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە بەناو دامەزراوە نیشتمانییەکان، بەشێوەیەک کە "مافەکانی کورد بپارێزێت و یەکێتیی سووریا بەهێز بکات".
تۆم باراک هۆشداریی داوە و دەڵێت، پێشهاتەکانی ئەم دواییەی حەلەب کە وا دەردەکەوێت تەحەدای مەرجەکانی ئەم ڕێککەوتنە دەکەن، جێگەی نیگەرانیی قووڵن.
ئەمەریکا داوای لە هەموو لایەنەکان کردووە دەستبەجێ شەڕ ڕابگرن و بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆ بەپێی ڕێککەوتنەکانی 10ی ئادار و یەکی نیسانی 2025.
لە کۆتاییدا هاتووە، تیمی مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئامادەیە بۆ ئاسانکاری لە نێوان حكوومەتی سووریا و هەسەدە بۆ پێشخستنی پڕۆسەی یەکخستنەوەکە، بە ئامانجی دروستبوونی "یەک سوپای نیشتمانیی شەرعی".