هەسەدە: توركیا بە درۆن هێرشی كردە سەرمان

:: PM:07:52:10/01/2026 ‌
هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" ڕای گەیاند، سوپای تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتوو هێرشی کردووەتە سەر خاڵێکی سەربازییان لە باشووری شاری تەبقە، ئەمەش بە یەکەم پێشێلکاری دادەنرێت لە دوای ڕێککەوتنی هێورکردنەوەی شەڕی بەنداوی تشرین.

ئەمشەو شەموو 10ی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، لە "پەرەسەندنێکی مەترسیداردا" کە دەستوەردانی ڕاستەوخۆی تورکیا دەسەلمێنێت، لە سەعات شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا "درۆن" لە جۆری "ئەکنجی" خاڵێکی سەربازیی هێزەکانیانی لە ناوچەی "كێڵگەی سەورە" لە باشووری شاری تەبقە بۆردمان کرد.


بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، هێرشەکە زیانی مادیی لێ کەوتووەتەوە، ئاماژەیشی داوە كە ئەم هێرشە یەکەم هێرشە لە دوای واژووکردنی ڕێککەوتنی هێورکردنەوە دوای شەڕی بەنداوی تشرین.

هەسەدە هۆشداریی داوە و دووپاتی کردووەتەوە، ئەمە پێشێلکردنێکی ئاشکرای لێکگەیشتنەکانە و سووربوونی لایەنی تورکی دەردەخات بۆ گێڕانی ڕۆڵی سەربازیی ڕاستەوخۆ لە سووریا و فراوانکردنی ململانێکان.


وشە - پۆڵا مەحموود