سەرکردەیەکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاشکرای دەکات، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بە کۆدەنگی ڕێککەوتن کراوە نووری مالیکی بکرێتە کاندیدی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو، محەمەد شیاع سوودانیش پشتیوانیی خۆی بۆ ئەو بڕیارە دەربڕیوە.
ئەمڕۆ شەموو 10ی کانوونی دووەمی 2026، یاسین عامری پەرلەمانتار و سەرکردە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە ئاژانسە عێراقییەکانی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرکردەکانی چوارچێوە تەنیا بۆ یەک خاڵ بووە، ئەویش دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو بووە و دواجار ڕێککەوتن لەسەر کاندیدکردنی نووری مالیکی کراوە.
عامری ڕوونی کردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی ئێستە، پشتیوانیی خۆی بۆ نووری مالیکی ڕاگەیاندووە بۆ ئەوەی ئیدارەی حكوومەتی داهاتوو بگرێتە دەست، ئەمەش یەکڕیزیی ناوخۆی چوارچێوەی بەهێزتر کردووە.