ئەوەی لە حەلەب رووی دا هەروا بە ئاسانی تێپەڕ نابێت

:: AM:11:25:11/01/2026 ‌
بەڕێوەبەریی خۆسەر دوای كشانەوەی هێزەكانی، پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، با هەمووان دڵنیابن تاوانەكانی دژ بە كوردانی حەلەب، هەروا ئاسان تێناپەڕن و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی دەكرێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 11ـی كانوونی دووەم، بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاوای كوردستان لەبارەی دۆخی گەڕەكە كوردنشینەكانی حەلەب، پەیامێكی بڵاو كردەوە و ڕای گەیاند، ئەو تاوانانەی بەرانبەر كوردی سڤیل ئەنجام درا، هەروا تێناپەڕن با هەمووان ئەو ڕاستییە بزانن.

ئیدارەی خۆسەر دەشڵێت، بەبەرچاوی هەموو لایەكەوە، پێشێلكاریی بەرانبەر خەڵكی سڤیل كراوە و بە كۆچی زۆرەملێ بە ئامانجی گۆڕینی دیمۆگرافیا بوو.

بەڕێوەبەرییەكەی ڕۆژئاوا ئاماژە بەوەش دەكات، ئێمە دڵنیایی دەدەینە هەموو لایەك كە باش بزانن ئەو تاوانانە هەروا ئاسان تێپەڕ نابن، لێپرسینەوە لە ئەنجامدەران و بكەرانیان دەكرێت.

خۆبەڕێوەبەرییەكە داوای لە دانیشتووانی ڕەسەنی هەردوو گەڕەكەكە كردووە، بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان و بەڵێنی داوە هەموو توانایەكی دارایی و لۆجیستی بخاتەگەڕ بۆ كەمكردنەوەی نەهامەتییەكانیان.


وشە - رامیار جەواد