تەرمی ئەو شەهید و بریندارانەی كە لە ئاڵۆزییەكانی حەلەب بەركەوتبوون، گەڕانەوە بۆ حەسەكە و بریندارانیان گەیاندە نەخۆشخانە.
كاروانی دانیشتووانانی كانتۆنی جزیرە كە دوێنێ لەسەر بانگەوازی ئەنجوومەنی گشتیی گەڕەكەكانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بەرەو حەلەب بەڕێكەوتن، گەیشتە چوارڕیانی پانۆراما لە دەروازەی باشووری حەسەكە.
كاروانەكە ئەو ئامبوڵانسانەشی لەخۆ دەگرت كە بریندارانی بەرخۆدانەكەی تێدابوون، بریندارەكانیان دەستبەجێ بە مەبەستی چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانەی شەهید ساریا و نەخۆشخانەی گەلی حەسەكە كرد.
دانیشتووانی باكور ڕۆژهەڵاتی سووریا دوێنێ هەوڵیان دا بگەنە حەلەب، بەڵام كاروانەكەیان لە دێر حافر بەهۆی داخرانی ڕێگەكانەوە لەلایەن چەكدارانی حكوومەتی كاتیی سووریا ڕاگیرا.
لە كاروانەكەدا سەتان دانیشتووانی شارەكانی حەسەكە، تەل تەمر، دربێسی، زەرگان، دێرك، گركێ لەگی، تەل كۆچەر، تەل حەمیس، چل ئاغا، تربەسپی، قامیشلۆ و عامودێ هەبوون.