ماڵپەڕی "ئەلمۆنیتۆر"ی ئەمەریكی هۆكاری شكستی دانوستانەكانی حكوومەتی سووریا و كوردی خستە ئەستۆی ئەسعەد شەیبانی و دەڵێت: بەفیتی توركیا رێككەوتنەكەی تێكدا.
"ئەلمۆنیتۆر" ئەوەی ئاشكرا كردووە، بۆچی كۆبوونەوەی ئەمدواییەی حكوومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات لە دیمەشق، بە شكست كۆتایی هات و دواجاریش پەلامارەكەی حەلەبی لێ كەوتەوە.
راپۆرتەكە ئاماژەی بە رۆڵی خراپی ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریا كردووە و چیرۆكی پلانەكەی شەیبانی گێڕاوەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەكەی "ئ
ەلمۆنیتۆر"، كۆبوونەوەكە كە رۆژی چواری یەك بە سەرپەرشتیی ئەمەریكا بەڕێوەچوو، شاندێكی كوردیی بە سەرۆكایەتی مەزڵووم كۆبانی، لەگەڵ مورهەف ئەبو قەسرە وەزیری بەرگریی سووریا كۆ كردەوە و فەرماندەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی جەنەراڵ كیڤن لامبێرت ئامادەی بووە.
"هەرچەندە دانوستانەكان بەشێوەیەكی ئەرێنی دەستی پێ كرد، تێیدا لێكتێگەیشتنی سەرەتایی كرا لەبارەی یەكخستنی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) لەگەڵ سوپای سووریا، لە ڕێگەی پێكهێنانی فیرقە و لیوا، ئەو فیرقە و لیوانەش كورد خۆی سەرپەرشتی بكات".
بەپێی راپۆرتەكەی "ئەلمۆنیتۆر" لەپڕ كەشوهەوای كۆبوونەوەكە گۆڕانی بەسەردا هات و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوە، چووەتە ژوورەوە و پاشان لە ناكاو كۆتایی دانیشتنەكەی راگەیاندووە و وادەی دانیشتنەكەی بۆ كاتێكی تر دواخستووە.
بەبڕوای ئەو دەزگا ئەمەریكییە، هۆكاری رەفتارەكەی شەیبانی بۆ پێوەندیی توركیا دەگەڕێتەوە كە نیگەران بووە لە رێككەوتن لەگەڵ هەسەدە، ئەمەش شەیبانی ناچار كردووە كۆتایی بە گفتوگۆكە بێنێت.
كاربەدەستانی كورد هەڵسوكەوتی شاندەكەی سووریایان بەتایبەتی دەستێوەردانەكەی شەیبانی بە نامۆ وەسف كردووە.
"ئەلمۆنیتۆر" دەڵێت: هەسەدە شەیبانیی تۆمەتبار كردووە بە جووڵانەوە بەدڵی توركیا، لەوێدا پێیان گوتوون ئەگەر بەگوێی توركیا بكەن، لەگەڵ ئێمە هەرگیز ناگەنە رێككەوتن.
راپۆرتی ماڵپەڕە ئەمەریكییەكە دەشڵێت: بەرپرسانی كوردی سووریا پێیان وایە هێرش بۆ سەر حەلەب، چەند مانگێك بوو بە پشتیوانی ئەنكەرە پلانی بۆ دانرابوو، توركیا لە مێژە داوای كشانەوەی هەموو هێزەكانی سەربە هەسەدەی كردبوو لە ناوچەكانی رۆژئاوای فورات، لەناویاندا شاری حەلەب.
ئەلمۆنیتۆر بەو ئەنجامە گەیشتووە كە دەستێوەردانی شەیبانی خاڵی یەكلاكەرەوە بوو بۆ لەباربردنی دەرفەتێك كە نزیك بوو بگەنە چارەسەرێكی سیاسی، سەرلەنوێ دەرگای لە بەردەم بژاردەیەكی سەربازی كردەوە، لەسەر حیسابی هاووڵاتییانی مەدەنی و سەقامگیری و دواجاریش هەموو شتەكانی گەڕاندەوە خاڵی سفر و هەموو هەوڵەكانی ئەمەریكای بەخەسار دا.