چارەنووسی رفێنراوانی حەلەب لەلایەن چەكدارانی حكوومەتی كاتی سووریا ئاشكرا بوو

:: PM:05:47:11/01/2026 ‌
زانیاری لەبارەی ئەو كەسانە بڵاو كرایەوە كە چەكدارانی حكوومەتی كاتی سووریا لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە فڕاندوویانن كە بە سەتان ژن و منداڵ لەناو رفێنراوەكاندان.

لە چوار ڕۆژی رابردووی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی حەلەب، چەكدارانی حكوومەتی كاتی سووریا سەتان كەسیان لە گەڕەكەكانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە ڕفاند، كەمێك لەمەوبەر زانیاری ئەوە بڵاو كرایەوە كە چەكدارەكان، ژنەكانیان بردووەتە مزگەوتەكان و پیاوەكانیانیش بەرەو شوێنێكی نادیار گواستووەتەوە.

هەروەها هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب رایانگەیاند كە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، چەكدارانی سەر بە حكوومەتی كاتی سووریا بەردەوامن لە تاوانەكانی و دەستی كردووە بە ڕفاندنی دانیشتووانی گەڕەكەكانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود.

وەك ئەوە بڵاو كراوەتەوە، تەنیا ئەمڕۆ سەتان دانیشتووی گەڕەكەكانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە حەلەب ڕفێنراون كە ژنەكانیان بردووەتە مزگەوتەكان و پیاوەكانیانیش بەرەو شوێنێكی نادیار گواستووەتەوە.

بەپێی زانیارییەكان چەكدارەكان لە بازگەی كۆنتڕۆڵی عەوارز، دەیان گەنجانی ڕفاندووە، ناوی بەشێك لەو گەنجانە بەمشیوەیەیە بڵاو كراونەتەوە: مستەفا ئەیوب حسێن، عادل مستەفا حسێن، زیاد مستەفا حسێن، شەنگیار مستەفا حسێن، ڕێزان حسێن حەسەن، نەعیمە شوكری ناسان، ئاسلان محەمەد عەبدوڵا، ئەدهەم محەمەد عەبدوڵا، جەمیل مستەفا و محەمەد ئەحمەد حەمۆ.

جێی بیرهێنانەوەیە كە لە شەشی ئەم مانگەوە، چەكدارانی سەر بەحكوومەتی كاتی سووریا هێرشیان كردە سەر گەڕەكی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لەگەڵ ئەوەی رووبەڕووبوونەوەی ناهاوسەنگی هێز هەبوو، بەڵام لە پاڵ ئەوەیدا دەیان شوێنی مەدەنی و نەخۆشخانە كرانە ئامانج و بۆردمان كران. 



وشە - وشه‌