لە كۆتایی ساڵی رابردوو و سەرەتای ئەمساڵ ناڕەزایەتییەكانی ئێران بە توندی دەستی پێ كردووە، هۆكاری ئەوجارەی ناڕەزایەتییەكان خراپیی دۆخی ئابووری و بژێوی خەڵك و دابەزینی بەهای تمەنی ئێران بۆ نزمترین ئاستی بوو، ئەوە وای كرد خەڵكەكە بڕژێتە سەر شەقامەكان و خۆپێشاندان تەواوی ئێران بگرێتەوە، سەرۆكی ئێران دووپاتی كردەوە كە ئامادەن گوێ بۆ خەڵكەكە بگرن و داواكارییەكانیان جێبەجێ بكەن.
مەسعوود پزیشكیان لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، پێویستە رۆڵەكانی گەلی ئێران خۆیان لە ئاژاوەگێڕ و تیرۆریستان بەدوور بگرن، كە ئەوان سەر بە هێزی دەرەكین و كەسانی بێ تاوان دەكوژن و مزگەوت دەسووتێنن و هێرش دەكەنە سەر موڵكوماڵی گشتی، ئەمەریكا و ئیسرائیل رێنوێنی بەوان دەدەن بۆ شێواندنی سەقامگیریی وڵات.
روونی كردەوە، لە دوای شەڕە 12 رۆژییەكە لەگەڵ ئیسرائیل، ئێستە دوژمنانی ئێران دەیانەوێ پشێوی و نائارامی لەو وڵاتە دروست بكەن، سەرۆكی ئێران دووپاتی كردەوە كە ئامادەن گوێ بۆ خەڵكەكە بگرن و داواكارییەكانیان جێبەجێ بكەین.
شایەنی باسە لە كۆتایی ساڵی 2025 ناڕەزایەتییەكی فرەوان شارەكانی ئێرانی گرتەوە، سەرەتا لە چەند ناوچەیەك لە لایەن بازرگانان دەستی پێ كرد و دواتر تەواوی شارەكانی ئێرانی گرتەوە و شەوانە خۆپێشاندەران هێرش دەكەنە سەر دامەزراوە حكوومەتییەكان، وەك گوشارێك بۆ گۆڕانكاریی سیاسی و كۆمەڵایەتی لەو وڵاتە، كە ساڵانێكە بەدەست دۆخێكی خراپی ئابووری و داراییەوە بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەكان دەناڵێنێت.