بەرپرسانی ئەمەریکا ئاشکرای دەکەن، ئیدارەی ترەمپ چەند بژاردەیەک بۆ پشتیوانی لە خۆپێشاندەرانی ئێران و لاوازکردنی ڕژێم تاوتوێ دەکات، بەڵام هێشتا بڕیاری جەنگی ڕاستەوخۆی نەداوە، لەلایەکی ترەوە نەتەنیاهۆ هیوای گەڕانەوەی دۆستایەتی لەگەڵ تاران دەخوازێت.
ئەمڕۆ یەكشەم 11ی کانوونی دووەمی 2026، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسانی ئیدارەی ئەمەریکاوە بڵاوی کردەوە، زۆربەی ئەو بژاردانەی لەبەردەم ترەمپدان، لەم قۆناغەدا هێرشی سەربازیی ڕاستەوخۆ لەخۆ ناگرن.
بەرپرسەکان هۆکارەکەیان بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە، هەر هێرشێکی سەربازیی فراوان، ڕەنگە ببێتە هۆی لاوازکردنی کاریگەریی خۆپێشاندانەکان و یەکخستنەوەی خەڵک لە دەوری دەسەڵات.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئیدارەی ترەمپ خەریکی تاوتوێکردنی "هەنگاوی ڕێگری"ـیە دژی ئێران، کە خۆی لە ئاراستەکردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگر بۆ ناوچەکە و ئەنجامدانی هێرشی ئەلیکترۆنی (سایبەر) دژی سیستەمەکانی ڕژێم دەبینێتەوە.
نەتەنیاهۆ: دەبینەوە بە هاوبەشی ئێران
هاوکات بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە دەستپێکی کۆبوونەوەی حكوومەتەکەیدا ڕای گەیاند، هەموومان هیوادارین نەتەوەی فارس بەمزووانە لە ستەمکاری ئازاد بێت.
نەتەنیاهۆ گوتی، کاتێک ئەو ڕۆژە دێت، ئیسرائیل و ئێران جارێکی تر دەبنەوە بە دوو هاوبەشی دڵسۆز بۆ بنیاتنانی ئایندەیەکی ئاوەدان و ئاشتیخواز.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە خۆپێشاندانەکان لە ئێران بەردەوامن و ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن ترەمپ بە ڕژدی بیر لە گورزی ئاسمانی دەکاتەوە ئەگەر تاران توندوتیژیی زۆر دژی خۆپێشاندەران بەکار بهێنێت.