لە لێدوانێكدا سەرۆكی ئەمەریكا لەبارەی خۆپێشاندانەكانی ئێران رای گەیاند، لە نزیكەوە چاودێریی دۆخی ئێران دەكەین، دەبینین ئەو وڵاتە هێڵی سووری بەزاندووە، بۆیە ئێستە خەریكی تاوتوێی وەڵامدانەوەی دەكەین، لەناویاندا بژاردەی سەربازی.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ دووشەم 12ی كانوونی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە لێدوانەكەیدا دووپاتی كردووەتەوە، ئێران بە كوشتنی خەڵكی بێتاوان لە گەلەكەی، هێڵی سووری بەزاندووە، بۆیە منیش زۆر بە رژدی سەیری دۆخەكە دەكەم، هاوكات سوپای ئەمەریكا تاوتوێی چەندان بژاردە دەكات و لە ناویاندا بژاردەی سەربازی.
ترەمپ ئەوەشی گوت، سەعات بە سەعات هەواڵ و دۆخی خۆپێشاندانەكانی ئێرانم پێ دەگات، بۆیە بڕیاری وەڵامدانەوەمان بۆ دەسەڵاتی ئەو وڵاتە، نزیك بووەتەوە.
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاوی كردووەتەوە، بڕیارە سبەی ترەمپ چاوی بە بەرپرسە گەورەكانی ئیدارەكەی بكەوێت، ئەویش بۆ ئەوەی لەسەر بژاردەیەك بۆ وەڵامدانەوەی ئێران بگاتە بڕیار.
خۆپێشاندانەكانی گەلی ئێران رۆژی یەكشەم 28ی كانوونی یەكەمی 2025، دوای ئەوە دەستی پێ كرد كە بەهای تمەن بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزی و نزمترین نرخی لە مێژوودا تۆمار كرد.
بەهای هەر دۆلارێك گەیشتە 144 هەزار تمەن، ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی دوكاندار و كاسبكارانی تاران، دەرگای دوكانەكانیان دابخەن و داوا لە حكوومەت بكەن رێكارێك بۆ رێگریكردن لە زیاتر دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانی بگرێتەبەر، چونكە نازانن كەلوپەل و بەرهەمەكانیان بە چ نرخێك ساغ بكەنەوە و هەست دەكەن بەم شێوەیە دەستمایەكەیان لە دەست دەدەن.
هێشتا ئامارێكی ورد لەبارەی قوربانیی ئەم گەڕەی خۆپێشاندانەكانی ئێران لە بەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی ئەو ئامارە جیاجیایانەی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و مافی مرۆڤ بڵاویان كردووەتەوە، لەو ماوەیەدا لانی كەم 100 كەس لە خۆپێشاندەران گیانیان لە دەست داوە كە ژمارەیەكیان منداڵن. لە ناو هێزەكانی حكوومەتیش كوژرانی ژمارەیەك فەرماندە و هێزی تەناهی راگەیەنراوە.