ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، هێرشێكی توند دەكاتە سەر ئەحمەد شەرع و حكوومەتەكەی و ڕای دەگەیەنێت، كورد ئەو دەسەڵاتە قبووڵ ناكات كە كۆمەڵكوژیی لە گەڕەكەكانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی ئەنجام داوە.
ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، دروشمی "كورد لەسەر چاومانن" تەنیا چەواشەكارییە، چونكە ئەو هێزانەی پێشتر كۆمەڵكوژییان لە ناوچەكانی كەناراوەكان ئەنجام دا، ئێستە بە پشتیوانیی نێودەوڵەتی و كەسانی وەك تۆم باراك، خەریكی پاكتاوی ڕەگەزیی كوردن و دەیانەوێت مێژووی خوێناوی لە شارەكەدا دووبارە بكەنەوە.
ئاماژەی بەوەش كرد، ئەحمەد شەرع كە لەلایەن هەندێك وڵات و دۆناڵد ترەمپەوە وەك پاڵەوان پێشان دەدرێت، هێزەكانی لە ئۆزباكی و چیچانی پێكهاتوون و خاوەنی بیركردنەوەی داعشین.
بەڕێوەبەری ڕوانگەكە داوای لە نوێنەرانی ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات كرد، داوای لێپرسینەوە لەو لایەنە نێودەوڵەتییانە بكەن كە پشتیوانی لە "بكوژانی كورد" دەكەن، ڕێگە نەدەن هیچ ڕێككەوتنێك لەگەڵ ئەو حكوومەتە واژوو بكرێت كە دەستی بە خوێنی خەڵكی سڤیل سوورە و ناسنامەی نەتەوەیی كورد ڕەت دەكاتەوە.