ناسنامەی ئەو كچە شەڕڤانەی لە باڵەخانەكەوە فڕێ درایە خوارەوە ئاشكرابوو

:: AM:10:45:12/01/2026 ‌
ئەو كچە شەڕڤانەی حەلەب كە سووكایەتی بە تەرمەكەی كرا و لە باڵەخانەیەكەوە فڕێ درایە خوارەوە، پێش مردنی كارێكی كەموێنەی كردووە و ناسنامەكەی ئاشكرا كرا.

میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان ئاشكرایان كردووە، ناوی كچە شەڕڤانەكە (دەنیز)ـە و قەناسبەدەست بووە، دوای ئەوەی رووبەڕووی هێزێكی زۆری نزیك لە حكوومەتی دیمەشق بووەتەوە، بە قەناسەكەی دەستی نزیكەی 20 چەكداری كوشتووە.

ئاماژەیان بەوەش كردووە، دوای ئەوەی فیشەك لە قەناسەكەیدا نامێنێت، چەكێكی جۆری (كڵاشینكۆڤ) بەكار دەهێنێت و بەو چەكەش چەند چەكدارێكی تر دەكوژێت، تا ئەو كاتەی یەك فیشەك لە چەكەكەیدا دەمێنێت و هێزەكان گەمارۆی دەدەن، لە كۆتاییدا بەو فیشەكە كۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت.

پاش ئەم رووداوانە، هێزەكانی نزیك لە حكوومەتی دیمەشق، سووكایەتی بە تەرمی ئەو كچە شەڕڤانە دەكەن و لە باڵەخانەیەكی بەرزەوە، فڕێی دەدەنە خوارەوە و ڤیدیۆی تۆمار دەكەن، ڤیدیۆكە دەنگدانەوەیەكی ناڕەزایی گەورەی لە سۆشیال میدیای جیهانیی لێ كەوتەوە.

بەو ڤیدیۆیە فشارێكی زۆری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر حكوومەتی چەتەكانی جۆلانی دروست كردووە و نازانن چۆن پەردەپۆشی بكەن.



وشە - سۆران عەزیز