ئیسرائیل: فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا لە نزیكی ئێران دەسووڕێنەوە

:: PM:12:13:12/01/2026 ‌
لەگەڵ بەردەوامیی خۆپێشاندانەكانی گەلی ئێران لە دژی دەسەڵات و ئەو هەڕەشانەی لە نێوان ئێران و ئەمەریكا بەردەوامە، میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویان كردووەتەوە، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا لە نزیكی ئاسمانی ئێران دەسووڕێنەوە، ئەوەیش ترسی لەلای دەسەڵاتی ئێران دروست كردووە.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ دووشەم 12ی كانوونی دووەم، ئاماژەی بە هەواڵێكی كەناڵی "14"ی ئیسرائیل كردووە كە بڵاوی كردووەتەوە، سووڕانەوەی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا لە نزیكی ئاسمانی ئێران زیادی كردووە.

كەناڵە ئیسرائیلییەكە دەڵێت، فڕۆكەكانی ئەمەریكا لە جۆری KC-135Rن كە لە بنكەی ئاسمانیی ئەمەریكادا فڕیون، ئەویش لە كۆشكی سپیی وەرگرتووە كە شەوی رابردوو ئاماژەی بە فڕینی فڕۆكەكانی كردووە.

كۆشكی سپی لە رێگەی "ئێكس"ەوە نووسیویەتی، "خوا هێزەكانمان بپارێزێ.. خوا ئەمەریكا بپارێزێ.. ئێمە جارێ لە سەرەتاداین". لەگەڵ نووسینەكەدا وێنەیەكی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بڵاو كراوەتەوە كە كڵاوێكی لەسەرە و ژمارەی "45 و 47"ی لەسەرە، ئەویش وەك ئاماژەیەك بۆ ماوەی سەرۆكایەتیی بۆ دووجار. دواتریش گوتە ناودارەكەی ترەمپیان نووسیوە كە هەمیشە دەڵێت، "جارێكی تر ئەمەریكا گەورەتر دەكەینەوە".

بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكیش بێ ئەوەی ناوی ئاشكرا بكات گوتی، ئێستە چەندان بژاردە بۆ وەڵامدانەوەی ئێران لە بەردەستی ترەمپدایە، ئامانجەكانیش لە ناوەوەی ئێران دەبێت و لە ناو بژاردەكانیشدا هێرشی ئەلیكترۆنیش هەیە.

خۆپێشاندانەكانی گەلی ئێران رۆژی یەكشەم 28ی كانوونی یەكەمی 2025، دوای ئەوە دەستی پێ كرد كە بەهای تمەن بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزی و نزمترین نرخی لە مێژوودا تۆمار كرد.

بەهای هەر دۆلارێك گەیشتە 144 هەزار تمەن، ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی دوكاندار و كاسبكارانی تاران، دەرگای دوكانەكانیان دابخەن و داوا لە حكوومەت بكەن رێكارێك بۆ رێگریكردن لە زیاتر دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانی بگرێتەبەر، چونكە نازانن كەلوپەل و بەرهەمەكانیان بە چ نرخێك ساغ بكەنەوە و هەست دەكەن بەم شێوەیە دەستمایەكەیان لە دەست دەدەن. 

هێشتا ئامارێكی ورد لەبارەی قوربانیی ئەم گەڕەی خۆپێشاندانەكانی ئێران لە بەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی ئەو ئامارە جیاجیایانەی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و مافی مرۆڤ بڵاویان كردووەتەوە، لەو ماوەیەدا لانی كەم 100 كەس لە خۆپێشاندەران گیانیان لە دەست داوە كە ژمارەیەكیان منداڵن. لە ناو هێزەكانی حكوومەتیش كوژرانی ژمارەیەك فەرماندە و هێزی تەناهی راگەیەنراوە.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د