هێزەكانی سووریای دیموكرات وریاییان دا بە وەزارەتی بەرگریی حكوومەتی كاتیی سووریا لەبارەى بڵاوكردنەوەی زانیاریی ناڕاست، لە پێناو ئاڵۆزی و گرژیی زیاتر.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) لە بەیاننامەیەكدا ڕای گەیاند، ئەو زانیارییانەی وەزارەتی بەرگریی حكوومەتی كاتیی سووریا لەبارەى جووڵەی سەربازی لە دەوروبەری مەسكەنە و دێرەزوور بڵاوی كردوونەتەوە، دوورن لە ڕاستی و هیچ بنەمایەكیان نییە.
هەسەدە ئاماژەی بەوە كردووە، هیچ جووڵە یان هێزێكی سەربازییان لەو ناوچانەدا نییە، بەپێچەوانەوە ئەوە هێزەكانی حكوومەتی كاتین كە خەریكی جووڵەی مەیدانین، دووبارەكردنەوەی ئەم تۆمەتانە هەوڵێكە بۆ دروستكردنی بیانوو و نانەوەی ئاژاوە لە ناوچەكەدا.
دووپات دەكەنەوە، هەسەدە پابەندی بژاردەی ئاگربەستە، بەڵام مافی ڕەوای خۆیەتی بەرگری لە ناوچەكە و ژیانی مەدەنییەكان بكات، هەروەها ئەو لایەنانەی كە هەواڵی چەواشەكارانە بڵاو دەكەنەوە، بە بەرپرسیاری هەر گرژی و ئاڵۆزییەك دەزانێت كە لە داهاتوودا ڕووبدات.