پێ دەچێت شەڕی حەلەب تەنیا سەرەتایەك بێت و وەك گوشار لەسەر هەسەدە تا تێكەڵبوونەوەی لەگەڵ سوپا و حكوومەتی سووریا بەردەوام بێت، هەموو ئەوانەش لە چوارچێوەی پلانێكی ئەمەریكا و توركیا و سووریا، دوای شەڕەكەی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود، سوپای سووریا چاوی بڕیوەتە دێر حافز، بۆیە دوو رۆژە پاساو بۆ شەڕ دێنێتەوە و دەڵێت هەسەدە هێزی لەو ناوچەیە كۆ كردووەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەم ئاژانسی دەنگوباسی سووریا "سانا"، رای گەیاند كە سوپای سووریا هێزی زیاتری رەوانەی رۆژهەڵاتی حەلەب و هەردوو ناوچەی مەسكەنە و دێر حافز كردووە، ئەوە دوای گەیشتنی هێزی زیاتری هەسەدە و پەكەكە بۆ ئەو ناوچانە.
چاودێران بۆ دۆخی سووریا پێیان وایە كە گوشارە مەیدانییەكانی سەر هەسەدە بەردەوام دەبێت، ئەوەشی دەكرێت بە هاندانی توركیا و گڵۆپی سەوزی ئەمەریكایە، بەتایبەتی دوای رێككەوتنە رانەگەندراوەكەی دیمەشق و تەلئەبیب بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانیان لە چەند رووێكەوە و سازشكردنی سووریا بۆ ئیسرائیل بە بێدەنگبوون بەرانبەر بە كۆنترۆڵكردنی ئیسرائیل بۆ چەند ناوچەیەكی سنوورەكانی.
ئەمڕۆ دووشەم ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە بەیاننامەیەك رای گەیاند، وەزارەتی بەرگریی سووریا لێدوانی بەلاڕێدابەر و ناڕاست لەبارەی دۆخی مەیدانی لە دەوروبەری مەسكەنە و دێر حافز بڵاو دەكاتەوە، دووپاتی كردەوە كە هیچ جموجۆڵ و كۆكردنەوەی هێزی هەسەدە لەو ناوچانە نییە و بە پێچەوانەوە گرووپە چەكدارەكانی سەر بە دیمەشق خەریكی جموجۆڵن.
هەسەدە دووپاتی لەوەش كردەوە كە ئەو لێدوانانەی وەزارەتی بەرگریی سووریا بۆ ئاڵۆزكردنی دۆخی ئەو ناوچانە و دروستكردنی پاساوە بۆ شەڕ، ئێمە بەرپرسیارەتیی هەر پەرەسەندنێك بەو هۆیەوە دەخەینە ئەستۆی ئەوان، وریاییش لەو رەوتەی كاركردنە بە هاندان بە ئاراستەی شەڕ دەدەین و دەست بە بژارەی هێوربوونەوە دەگرین، مافی خۆشمانە ئەوەی بۆ بەرگریكردن لە ناوچەكە و هاووڵاتییان پێویست بێت ئەنجامی بدەین.