وەزیری دەرەوەی ئێران پێوەندی بە ویتكۆفەوە كردووە

:: PM:07:36:12/01/2026 ‌

هاوكات لەگەڵ بەردەوامیی ناڕەزایەتییەكانی ئێران و توندتربوونیان و هەڕەشەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا سەبارەت بە خراپ مامەڵەكردنی حكوومەتی ئێران لەگەڵ خۆپێشاندەران، لە ئەگەری پەنابردنی ئەمەریكا بۆ بەكارهێنانی هێزی سەربازی یان توندتركردنی سزا ئابووری و داراییەكان، وەزیری دەرەوەی ئێران پێوەندی بە نێردراوی تایبەتیی كۆشكی سپییەوە دەكات.

بەپێی چەند سەرچاوەیەك لە پشووی كۆتای هەفتە، واتە شەمووی رابردوو، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران پێوەندی بە ستیڤ ویتكۆف نێردراوی تایبەتی كۆشكی سپی ئەنجام داوە، ئەوەش وەك هەوڵێكی تاران بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە لەگەڵ ئەمەریكا یان بەدەستهێنانی كاتی زیاتر بەر لەوەی ترەمپ بەهۆی هەڵسوكەوتی تاران لەگەڵ خۆپێشاندەران، رێوشوێنی زیاتری توند رابگەیەنێت و رژێمەكەی لاوازتر بكات. 

وەك  سەرچاوەیەكی ئاگەدار باسی كرد، عێراقچی و ویتكۆف لە پێوەندییەكەدا گفتوگۆیان لەبارەی ئەگەری سازكردنی كۆبوونەوەیەك لە رۆژانی داهاتوو كرد، بەڵام باسی ئەوەی نەكرد كە ئاخۆ ئەو بەرپرسە ئێرانی و ئەمەریكییە لە رێگەی مۆبایلەوە قسەیان كردووە یان لە رێگەی نامەوە، پێشتریش لە كاتی گفتوگۆ ئەتۆمییەكانی نێوان هەردوو وڵات، ئەو دوو بەرپرسە نامەیان گۆڕیوەتەوە، ئەو پێوەندییەش تا بەر لە هێرشە ئاسمانییەكەی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر ئێران لە حوزەیرانی رابردوو بەردەوام بووە.

ئەمە و بڕیارە تا سبەی سێشەم دۆناڵد ترەمپ هەڵوێستی خۆی لەبارەی خۆپێشاندانەكانی ئێران و هەڵسوكەوتی حكوومەتی ئەو وڵاتە لەگەڵیان رابگەیەنێت، كە چاوەڕوان دەكرێت سزای زیاتری ئابووری و دارایی و بوارەكانی نەوت و گواستنەوە بگرێتەوە، جیا لە ئەگەری وەشاندنی گورزێكی سنوورداری سەربازی بۆ سوپای پاسداران.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل