حكوومەتی عێراق چەند بڕیارێكی دەستگرتنەوە دەردەكات

:: PM:08:48:12/01/2026 ‌

وەك شارەزایان ئاماژە دەكەن، ئەمساڵ ساڵێكی تری سەختە بۆ عێراق، بەتایبەتی ئەگەر خۆی لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە نەگونجێنێت و نرخی نەوت لە دابەزین بەردەوام بێت، لەو ناوەدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ژمارەیەك بڕیاری لە چوارچێوەی سیاسەتی دەستگرتنەوە و زیادكردنی داهات و كەمكردنەوەی خەرجییەكان دەركرد.

بەپێی چەند بەڵگەنامەیەكی ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی حكوومەتی كاربەڕێكەر لەسەر بنەمای راسپاردەكانی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە 7ی ئەم مانگە بڕیاری دا، بە دەسەڵاتدان بە تەواوی وەزارەت و دەستەكان بۆ فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەكانیان لەوانەی 15 ساڵ بەسەر دروستكردنیان تێپەڕیوە، جیا لەوانەی بەرهەمیان هەیە، هەروەها فرۆشتنی تەواوی ئۆتۆمبێلە بەرهەمهێنە و نابەرهەمهێنەرەكان و ئامێر و موەلیدە لەكاركەوتووەكان یان زیاد لە پێویستەكان بێ رەچاوكردنی ساڵی دروستكردنیان. 

هەروەها بڕیار درا بە كەمكردنەوەی پشكی سووتەمەنی تەرخانكراو بۆ هەموو وەزارەت و لایەن و پارێزگاكان بە رێژەی 50% لەو پشكەی ئێستە بۆیان تەرخان دەكرێت، پشتبەستن بەو بڕوانامەی فەرمانبەر لە یەكەم دامەزراندنی هەیەتی وەك دوایین بڕوانامەی و حسێبنەكردنی ئەو بڕوانامانەی لەكاتی دەوامكردن بەدەستی هێناوە، لە هەموو فەرمانگە و پسپۆڕییەكان، جیا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا لە سنوورێكی زۆر تەسك.

هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە بە وەستانی گواستنەوەی فەرمانبەران بۆ وەزارەتەكانی نەوت و دارایی و پەروەردە و خوێندنی باڵا، یان بۆ هەر شوێنێكی تر كە ببێتە هۆی زیادبوونی دەرماڵەكانیان، لەگەڵ وەستانی رەوانەكردنی نێردەكان بۆ دەرەوە لەسەر حسێبی دەوڵەت بۆ هەموو پسپۆڕییەكان.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل