لە 15مین رۆژی ناڕەزایەتییەكانی ئێران، عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئێران پەیامێك ئاراستەی لایەنگرانی دەكات و پێی وایە گردبوونەوەی ئەوان پلانەكانی دوژمن پووچەڵ دەكاتەوە، هاوكات پەیامێكی توندیش ئاراستەی ئەمەریكا دەكات، لەوكاتەی سەرۆكی ئەمەریكا لە هەڕەشەكانی بەردەوامە.
ئەمڕۆ دووشەم
خامنەیی لە پەیامێكی بۆ گەلی ئێران كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ كارێكی گەورەتان ئەنجام دا و رۆژێكی مێژووییتان تۆمار كرد، ئەو گردبوونەوە گەورەی ئێوە پلانەكانی دوژمنی پووچەڵ كردەوە، كە بڕیار بوو لە رێگەی بەكرێگیراوەكانی ناوخۆ بێتە جێبەجێكردن، گردبوونەوەی ئێوە وریاكردنەوەیەك بوو بۆ سیاستەوانانی ئەمەریكا بۆ وەستان لە پشتبەستن بە بەكرێگیراوە ناوخۆییەكان.
لای خۆیەوە هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا گوتی، بەوردی چاودێریی دۆخی ئێران دەكەم و زانیارییەكانم بە سەعات و كەمتر لەوەش بەدەست دەگات، روونی كردەوە كە ئەگەری هەیە ئەمەریكا وەڵامی ئەوە بداتەوە كە لە ئێران روودەدات، كە رەنگە بە رەوانەكردنی هێزی سەربازیی زەوینی نەبێت، بەڵام ئەگەر سەركوتكردنی خۆپێشاندەران بەردەوام بێت، ئەمەریكا وەك تەماشاكار ناوەستێت.
بەپێی راپۆرتی رێكخراوەكان، ژمارەی كوژراوانی خۆپێشاندانەكانی ئێران گەیشتووەتە 544 كەس، كە 48یان لە هێزە تەناهییەكانن، ژمارەی گیراوانیش 10 هەزار كەسی تێپەڕ كردووە، ئەوەش لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو كە خۆپێشاندانەكان دەستیان پێ كردووە.