لەوكاتەی چاوەڕوانی هەڵوێست و بڕیاری سەرۆكی ئەمەریكا بەرانبەر بە ئێران دەكرێت، كە دوو هەفتەیە خۆپێشاندانێكی فرەوان لەو وڵاتە سەری هەڵداوە و تا ئێستە دەیان كەس كوژراون، گوتەبێژی كۆشكی سپی ئاماژە دەكات كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە بەكارهێنانی هێزی سەربازی دژی ئێران ترسی نییە، بەڵام رێگەچارەی دیپلۆماسی پێ باشترە.
كارۆلاین لیفیت گەتەبێژی كۆشكی سپی گوتی، لە كەناڵەكانی ژێربەژێری ئێرانەوە چەند پەیامێكمان بەدەست گەیشتووە، كە زۆر لەوەی بە ئاشكرا دەیڵێن جیاوازە، ئێستە سەرۆك ترەمپ تاوتوێی بژارەكانی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران دەكات، ئەو لە بەكارهێنانی هێزی سەربازی ترسی نییە، بەڵام رێگەچارەی دیپلۆماسی پێ باشترە، هیچ دەوڵەتێكیش بەقەدەر ئێران ئاشنای هێزی سوپای ئەمەریكا نییە.
روونی كردەوەن بەهێزترین كارتەكانی رژێمی ئێران بەر لە چەند مانگێك بەرنامە ئەتۆمییەكەی بوو، كە ئەویش لەسەر دەستی سوپای ئەمەریكا بە تەواوەتی وێران كرا، بۆیە ئەوەی ترەمپ بە نیازە بیكات تەنیا خۆی دەیزانێت.
بڕیارە سبەی سێشەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لەگەڵ تیمی ئاسایشی نەتەوەیی كۆ ببێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی بژارەكانی بەرانبەر بە ئێران بكات، دووپاتی كردووەتەوە كە بژارەی زۆر بەهێز تاوتوێ دەكات، لەوانە دەستوەردانی سەربازی، بەپێی رۆژنامەی "رۆڵ ستریت جۆرناڵ"، بژارەكانی بەردەم ترەمپ بریتین لە وەشاندنی گورزی سەربازی لە ئێران بە بەكارهێنانی ئامێری نهێنیی ئەلیكترۆنی و توندكردنی سزاكان ز دابینكردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت بۆ بەرهەڵستكارانی ئەو وڵاتە.