كەتائیبی حزبوڵا وەك یەكێك لە گرووپەكانی حەشدی شەعبی، بەیاننامەیەكی دەركرد و تێیدا هەڕەشەی لە ئەمەریكا كرد و ڕای گەیاند، شەڕی دژ بە ئێران گەشت و سەیران نییە، بەڵكو ئاگرێكە ئەگەر هەڵگیرسا ناكوژێتەوە، مەگەر دوای ئەوەی لووتتان لەناو خۆڵ و خاك بخرێت، باجێكی چەند هێندە دەدەن زیاتر لەوەی هیوای بۆ دەخوازن.
كەتائیبی حزبوڵا بەناوی ئەبو حوسێن حەمیداوی ئەمینداری گشتیی كەتائیبی حزبوڵا بەیانێكیان بڵاو كردەوە و تێیدا دەڵێـت: بینەری لاپەڕەیەكی نوێین لە ململانێی نێوان هەردوو بەرەی حەق و باتڵ، بەرەی حەق سیمای دیارە و ناسنامەكەی بە فەزڵی خوای گەورە دەستنیشان كراوە، هەروەها بەرەی باتڵیش هەموو دنیا ناسیویەتی، ڕەفتارە تاوانكارییەكەی و ڕێچكە دوژمنكارییەكەی بەرانبەر گەلانی ئازادیخواز و ڕەتكەرەوەی هەژموونی ئیمپریالیزم دیاری كردووە.
ئەوەشی گوتووە، هیچ كەسێك لە دەستدرێژی و ستەمەكەی ڕزگاری نەبووە، مەگەر ئەوانەی كە ڕازی بوون ببنە ئامرازێك بۆ بەدیهێنانی ئامانجە شەیتانییە پیسەكانی.
"سەری بەرەی باتڵ بەردەوامە لە ئامادەكاری بۆ بە ئامانجگرتنی كۆماری ئیسلامی ئێران، كە قەڵای ئیسلامی محەمەدی و سەرچاوەی شكۆمەندی ئومەت و قەڵغانی شەرەف و دۆزەكانێتی". حزبوڵا وا دەڵێت.
بەبڕوای حزبوڵای عێراق، ئەركی شەرعی و ئەخلاقی دەكەوێتە سەر موجاهیدان لە پێناوی خودا، بە هەموو هێزیانەوە لە تەنیشت گەلی مسوڵمانی شەریفی ئێران بوەستن، كە گەلێكی ددانبەخۆداگرە و لەلایەن هێزەكانی شەڕ و تاوانەوە گەمارۆ دراوە، چونكە بەرگریكردن لە حەرەمی كۆماری ئیسلامی، بەرگریكردنە لە پیرۆزییەكانی ئومەت.
بۆ برایانمان لە ئێران دەڵێین: ئێمە لە خۆشی و ناخۆشیدا لەگەڵتانین، هەڵوێستمان ڕوون و بێ تەمومژ دەبێت لە بەرگریكردن لە گەلی ئێران و پیرۆزییەكانی.