خۆپێشاندان لە ئێران گەیشتووەتە 187 شارۆچكە و 31 پارێزگا

:: AM:10:19:13/01/2026 ‌
17 ڕۆژە خەڵكی ئێران بەردەوامن لە خۆپیشاندان بەجۆرێك تەشەنەی سەندووە گەیشتووەتە 606 ناوچە و لە 187 قەزاو لە 31 پارێزگای ئێران خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان پەرەی سەندووە.

خۆپپپێشاندەرانی ئەمجارە بەشێكی زۆریان قوتابیانی زانكۆكانن بەجۆرێك  تا ئێستە 45 زانكۆ هاتوونەتە پاڵ خۆپیشاندانەكان و زانكۆكان بوونەتە مەیدانی ناڕەزایەتییەكان.

هەروەها خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان لە شار و شارۆچكەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەردەوامی هەیە و لە زۆرێك لە شارەكان سەرەڕای ڕێگرییەكانی هێزە سەركوتكەرەكانی ڕژێمی ئێران بۆ خۆپیشاندەران، بەڵام زۆرێك لە هێزە تەناهییەكان و سوپای پاسداران لە شارەكان دەركراون و دوكان و بازاڕ و شوێنە گشتییەكان داخراون.

هاوكات لە میدیاكانی سەر بە دەسەڵاتدارانی ئێران، ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێ 97 خۆپیشاندەر  بڵاو كرایەوە، تا خۆپیشاندانەكان بە ئاژاوەگێری پێناسە بكەن.

رۆژانە سەدان هاوڵاتی بانگێشتی دەزگا تەناهییەكان دەكرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكرێت.

بڕینی ئینتەرنێت 100 سەعاتی تێپەڕاندووە و جگە لە ئینتەرنێتی جێگیر و مۆبایل، پێوەندی تەلەفۆنی و ئامرازەكانی تری پێوەندیش پچڕاون، سەرەڕای ئەوەش بڵاوبوونەوەی بەربڵاوی ڤیدیۆ و زانیاری پێوەست بە تەرمی خۆپیشاندەرە كوژراوەكان و بریندارەكان بە دەستی ڕژێمی ئێران  لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەردەوامە.

بەپێی بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، دەریدەخەن ئەو خێزانانەی تەرمی ئەو كەسانەیان وەرگرتووەتەوە كە لە خۆپیشاندانەكاندا كوژراون و لە شوێنی ناشتنەكە كۆبوونەتەوە و درووشمی ناڕەزاییان دەڵێنەوە.

ڕاپۆرتەكان ئاماژە بەوە دەكەن، هێزە تەناهییەكانی سەر بە ڕژێمی ئێران هێرشیان كردووەتە سەر نەخۆشخانەی سینا لە پارێزگای تاران و بریندارەكانیان ڕفاندووە، ڕێك لەو كاتەدا كە پێویست بووە نەشتەرگەری بۆ هەندێكیان ئەنجام بدەن.

بەپێی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەرانا، لە ماوەی 17ڕۆژی خۆپیشاندانەكان، 10هەزار و 721خۆپیشاندەر گیراون و 505 خۆپیشاندەر كوژراون، كە لەو ژمارەیە نۆ كەسیان لە خوار تەمەنی 18 ساڵیدان، هەروەها حەوت كەس لە هاوڵاتییانی مەدەنی و 143 كەسیش لە هێزی سەربازی و پۆلیس و داواكارێكی گشتی كوژراون.

لەنێو دەستبەسەركراوەكاندا، زیاتر لە 167 منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵ و 48 قوتابی زانكۆ تۆمار كراون.




وشە - سۆران عەزیز