گەشتەكانی ڕۆژانی داهاتووی سلێمانی - تاران راگیران

:: PM:12:30:13/01/2026 ‌
فڕۆكەخانەی تاران پەیامی بۆ بەشێك لە فڕۆكەخانەكانی وڵاتان ناردووە و ئاگەداری كردوونەتەوە كە "بڕیارێكی تایبەت" بۆ ماوەی شەش رۆژ پێشوازی لە گەشتی ئاسمانی بۆ وڵاتەكەیان ناكەن.

ئەمڕۆ سێشەم 13ـی كانوونی دووەم، هۆشمەند لەتیف پەیامنێری "وشە" لە سلێمانی، زانیاریی لە فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە گواستەوە كە ئەو گەشتانەی لە خشتەی ڕۆژانی داهاتوودا بەرەو تاران جێگیر كرابوون، هەڵوەشانەوە.

ئاماژە بەوەش كرد، سبەی 14ی كانوونی دووەم و رۆژی 18تی ئەم مانگەیش، دوو گەشت لە فڕۆكەخانەی سلێمانی بۆ تاران جێگیر كرابوون، بەڵام گەشتەكان هەڵوەشانەوە.
 
سەرچاوەیەكی تایبەت بە"وشە"ـی راگەیاند، "راگرتنی گەشتەكان لە رێی ئیمەیلێكەوە بووە كە لە فڕۆكەخانەی تارانی پایتەختی ئێرانەوە بۆ بەشێك لە فرۆكەخانەكانی وڵاتان نێردراوە و ئاگەداری كردوونەتەوە پێشوازی لە گەشتی ئاسمانی ناكەن".

بەپێی زانیارییەكانی ناو ئیمەیلەكە، راگرتنی گەشتەكان سەرەتا بۆ ماوەی شەش رۆژە. ئەم زانیارییانە لە كاتێكدا كە ڕووداوەكانی ناوخۆی ئێران لە ڕۆژانی داهاتوودا دیاری دەكات كە گەشتەكان كەی ئاسایی دەبنەوە.

ماوەی 15 ڕۆژە ئێران شەپۆلێكی ناڕەزایی بە خۆیەوە دەبینێت و خەڵك ڕژاونەتە ناو شەقامەكان و لە دوێنێشەوە لایەنگرانی كۆماری ئیسلامی دەستیان بە خۆپێشاندان كردووە و داوای مانەوەی رژێمەكە دەكەن.

پێشهاتەكانی ئێران بەردەوام گۆڕانكاریی بەخۆوە دەبینن و ئەمڕۆ چەند وڵاتێك داوایان لە هاووڵاتییانیان كرد، "بە پەلە ئێران جێبێڵن". هاوكات سەرۆك ترەمپ بڕیاری دا هەر وڵاتێك بازرگانیی لەگەڵ ئێران بكات، ئەمەریكا 25% باجی زیادە دەخاتە كاڵاكانیان.


وشە - رامیار جەواد