سوپای سووریا ناوی ئەو شوێنانەی ئاشكرا كرد كە هێرش دەكاتە سەريان

:: PM:12:41:13/01/2026 ‌
تا دێت داواكاری حكوومەتەكەی شەرع لەسەر هەسەدە زیاتر دەبێت و لەنوێترین پێشهاتیشدا دەستەی ئۆپەراسیۆنەكانی سوپا ناوچەیەكی فراوانی لە باشووری رۆژهەڵاتی حەلەب وەك "ناوچەی سەربازیی داخراو" ناساند و داوای چۆڵ كردنی دەكات.

دەستەی ئۆپەراسیۆنەكانی سووپای سووریا داوایەكی بەپەلەی لە هەسەدە كرد كە  لە رۆژهەڵاتی فورات بكشێنەوە، ئەمەش كێشەكان قوڵتر دەكات و ئەگەری پێكدادان زیاتر دەكات.
 
بەپێی راگەیانراوەكەی دەستەكە ناوچەكە لە دێرحافرەوە دەست پێ دەكات تا دەگاتە قەواسە و مەسكەنە لە كەناری رۆژئاوای فورات.

 
هەر ئەمرۆش سەرۆك كۆماری توركیا لەبارەی ناوچەكەوە گوتی، حەلەب  بۆ توركیا گرنگییەكی زۆری هەیە.

 دەستەی ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای سووریا لە راگەیەنراوەكەیدا كە لە میدیای فەرمیی سووریا بڵاوكراوەتەوە، هۆكاری بڕیارەكەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە كە هەسەدە بەردەوامە لە كۆكردنەوەی هێزەكانی لەناوچەكە و تاوانباریان دەكات كە بەپاڵپشتی ئێران بوونەتە مەترسی.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەكە، ئەو ناوچەیە بووەتە سەرچاوەی هەڵدانی "درۆنە بۆمبڕێژكراوە ئێرانییەكان كە شاری حەلەبیان كردووەتە ئامانج. 
 
سوپاكە داوا لە خەڵكی سڤیل دەكات لە پێگەكانی هەسەدە لەو ناوچەیە دووربكەونەوە.
 
هەروەها دەڵێت، پێویستە "سەرجەم گرووپە چەكدارەكان بۆ پاراستنی گیانی خۆیان بكشێنەوە بۆ رۆژهەڵاتی رووباری فورات." دەشڵێت: "سوپای عەرەبی سووریا تەواوی رێكارە پێویستەكان دەگرێتەبەر بۆ رێگریكردن لەو گرووپانە لەوەی ناوچەكە بۆ هێرشكردن بەكاربهێنن."
 



وشە - سۆران عەزیز