ئەمیر كەریمی: كۆماری ئیسلامیی ئێران كۆتای هاتووە و مەترسی دیكتاتۆری پەهلەوی هەیە

:: PM:01:51:13/01/2026 ‌
ئەمیر كەریمی هاوسەرۆكی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پەژاك) رای گەیاند، كۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەكی كرداری هەرەسی هێناوە و مەترسی رژێمێكی دیكتاتۆری پەهلەوی هەیە.

 ئەمیر كەریمی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دەستەی وەشانیThe Amargi  خۆپێشاندانەكانی ئێران، ئاییندەی سیاسەتی كورد و دۆخی ناوچەكەی هەڵسەنگاند.

ئەمیر كەریمی ئاماژەی بەوە كرد كە ڕژێم هێشتا خاوەنی دەوڵەتە، بەڵام شەرعییەتی كۆمەڵایەتیی خۆی لەدەستداوە و گوتی: "بە كردەوە كۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵوەشاوەتەوە."

ئەمیر كەریمی كۆماری ئیسلامیی چواند بە مرۆڤێك كە تووشی مردنی مێشك بووە، بەڵام دڵی لێ دەدات،  ڕژێم تەنیا بە ڕێگە و شێوازی سەركوتكردن خۆی لەسەر پێ ڕاگرتووە.

ئەمیر كەریمی دەڵێت: گەلی كورد لە ماف، سیاسەت و هەموو شتێك دوور خراوەتەوە و  دوژمنان وایان دانابوو بتوێنرێتەوە و بۆ هەمیشە لەناو بچێت.

كەریمی ئاماژە بەوە دەكات، كە لاوازبوونی پێكهاتەی دەوڵەتە ناوەندییەكان دەكرێت ببێتە دەرفەتێك بۆ گەلی كورد،  ئەمەش تەنیا لە ڕێگەی گۆڕانكارییەكی دیموكراتییەوە پێكدێت.

كەریمی لە درێژەی قسەكانیدا ڕایدەگەیەنێت كە بڕینی هێڵەكانی پێوەندی لە كاتی خۆپێشاندانەكاندا، ستراتیژێكی بە ئەنقەستە،  "كۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی لەسەر پێ بمێنێتەوە، هەموو ڕێگەكانی گەیاندنی بڕی. بۆچی؟ بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ئاسان مرۆڤەكان كۆمەڵكوژ بكات."

كەریمی ئاماژە بەوە دەكات كە ئەگەری هەیە كۆمەڵكوژییەكی گەورە ڕوویدابێت، ئەمڕۆ كۆماری ئیسلامی وەك كۆریای باكوورێكی داخراوە و نازانرێت لە ناوەوە چی ڕوودەدات."

كەریمی ڕای گەیاند، ئەو چوارچێوە سیاسییە هاوبەشەی لایەنە كوردییەكان لە ئێران دیارییان كردووە، بەهۆی پێویستییەوە هاتووەتە كایەوە. 

كەریمی ئاشكرای كرد، كە پێویستە لە سیاسەتی كوردیدا دەست لە كێبڕكێی هەژموونخوازی هەڵبگیرێت و نابێت هیچ هێزێك خۆی بەسەر ئەوانی تردا بسەپێنێت،  گوتی: "كورد خاوەنی ئەو هێزەیە كە كێشەكانی خۆی بخاتە ڕۆژەڤ و چارەسەریان بكات."


كەریمی دەڵێت: دوای رووخانی رژێمی مەلاكان مەترسیی دروستبوونی ڕژێمێكی دیكتاتۆری نوێ لە ڕێگەی ڕەزا پەهلەوییەوە هەیە. 



وشە - سۆران عەزیز