بۆچی وڵاتانی كەنداو پاڵپشتی لە كەوتنی رژێمی ئێران ناكەن؟

:: PM:06:32:13/01/2026 ‌

ئەوكاتەی ئێران بەهێز بوو، واتە تەواوی ناوچەكە كەوتبووە ژێر كاریگەری و هەژموونی خۆی و میلیشیاكانی و پێكهاتەی شیعە لە ناوچەكە، وڵاتانی كەنداو بەهۆی نزیكیان لە ئاگرەكەوە زەرەرمەندترین بوون و هەموویان پەنایان بۆ دامەزراندنی بنكەی سەربازیی ئەمەریكی لەسەر خاكەكەیان برد بۆ خۆپاراستن لە ئێران، لەگەڵ هاتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ كۆشكی سپی و لە یەكەم ماوەی سەرۆكایەتیشی، دەستی لە قورگی ئێران و میلیشیاكانی گیر كرد، بەڵام وڵاتانی كەنداو لەوە زیاتریان ناوێت.

شارەزایان پێیان وایە نەوت و غاز، كە كارتی بەهێز و سەرچاوەی سەرەكیی داهاتی وڵاتانی كەنداوە، پێویستە وەك هیڵی سوور بەرگری و پارێزگاری لێ بكەن، هاوكات ئێرانیش وڵاتێكی نەوتییە و خاوەن دووەم یەدەگە لە دنیا، بۆیە كەوتنی ئەو هەموو نەوتەی ئێران لە دوای ڤەنزوێلا بە دەستی ئەمەریكا كار لە بازاڕی نەوت دەكات، كە بۆ وڵاتانی كەنداو گرنگە.

لەو ناوەدا قەتەر وریایی لە ئەنجامە كارەساتبارەكان دەدات كە بەهۆی هەر پەرەسەندنێكی دۆخی ئێران، بەتایبەتی لە ئەگەری هێرشی ئەمەریكا بۆ سەر ئەو وڵاتە دروست دەبێت، لەوكاتەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بە نیازە بڕیار لەبارەی دۆخی ئێران بدات و بژارەی سەربازیش یەكێكە لە بژارە چاوەڕوانكراوەكان.

ماجید ئەنساری گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر دەڵێت، ئێمە ئەوە دەزانین كە هەر پەرەسەندنێكی سەربازیی لە نێوان ئێران و ئەمەریكا ئەنجامی كارەساتباری لە ناوچەكە و دنیا دەبێت، بۆیە ئێمە دەمانەوێ تا پێمان بكرێت خۆمانی لێ بەدوور بگرین.

بەپێی رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی، ئەمەریكا زنجیرەیەك بژارەی بۆ كردنەئامانجی سەركردایەتیی ئێران لەپێشە بە هاوشێوەی هێرشەكانی سەر بەرنامە ئەتۆمی و مووشەكییەكانی تاران لە هاوینی رابردوو، لەوانە وەك بەرپرسێكی ئەمەریكی دەڵێت بژارەی بچووكترن و هێشتا بە قۆناغی تاوتوێكردنن لەوانە هێرشی سیبرانی یان گورزوەشاندن لە هێزە تەناهییەكان. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل