دۆخی ئێران بەرەو تەقینەوەیەكی گەورەیە، بەتایبەتی كە ئەمڕۆ سێشەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا داوای بەردەوامیی خۆپێشاندانەكان كرد و دووپاتی كردەوە كە یارمەتیی ئەمەریكا بۆ ئەوان بەڕێگەوەیە، لەو ناوەدا، واتە لە بەردەوامیی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكانی ئێران كە دوو هەفتەی تێپەڕ كردووە، چەند رۆژێكە رێوشوێنێكی توندی تەناهی لە بەغدا بۆ پاراستنی نێردەی دیپلۆماسیی ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاوا وەرگیراوە.
بەپێی
سەرچاوەیەكی تەناهی، چەند رۆژێكە لە بەغدا رێوشوێنی توندی رانەگەیەندراوی تەناهی بۆ پاراستنی بارەگە و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاوا وەرگیراون، لەوانە بەرزكردنەوەی ئاستی ئامادەسازی لە دەوروبەری ناوچەی سەوز و توندكردنی چاودێری بەسەر رێگەكان و نوێكردنەوەی پلانی فریاگوزاری وەك ئامادەسازی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر پەرەسەندنێكی كتوپڕ رەنگە بەهۆی هێرشی چاوەڕوانكراو بۆ سەر ئێران روو بدات.
بەپێی سەرچاوەكە، ئەوجارە ئەو رێوشوێنانە جموجۆڵێكی رۆتینی نین و بەشێكن لە سیناریۆی رۆژی یەكەم، كە دەزگە تەناهییە عێراقییەكان لە حاڵەتی ئەگەر هەڕەشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بوونە راستی وەربگیرێن، ئەو سناریۆیەی راستەوخۆ عێراق دەخاتە ناو جەرگەی رووداوەكان، وەك گۆڕەپانێكی مێژوویی ململانێكانی ئەمەریكا و میلیشیاكانی ئێران.
سەرچاوەكان ئاماژە دەكەن كە پلانە تەناهییە نوێكان گرنگییەكی گەوەرە و لەپێشینە بە ناوچەی سەوزی بەغدا دەدەن، نەك بەهۆی ئەوەی باڵوێزخانەی ئەمەریكای لێیە، بەڵكو لەبەر ئەوەی هەر هێرشێك لەوێ كاردانەوەی گەورەی سیاسی لەسەر ناوخۆی عێراق و دەرەوەی دەبێت، لەو رێوشوێنانەی وەرگیراون، پڕكردنەوەی خاڵە لاواز و بۆشاییە تەناهییەكان لە دەوروبەری ناوچەی سەوز و توندكردنی پشكنینی ئەلیكترۆنی و بەرزكردنەوەی ئاستی هاوئاهەنگی نێوان دەزگە تەناهییەكان بۆ رێگرتن لە دروستبوونی رووداوی كتوپڕ لە ناوخۆی عێراق، لەگەڵ كاراكردنی تیمەكانی رووبەڕووبوونەوەی خێرای هێرشی درۆن و مووشەك، كە رەنگە وەك پەیام بۆ ئەمەریكا بێتە رەوانەكردن.