لە هەنگاوێکی دیپلۆماسیی بەرفراواندا، حەوت وڵاتی ئەوروپی باڵوێزی ئێرانیان بانگ کرد و ناڕەزایەتیی خۆیان بەرانبەر سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران دەربڕی، هاوکات بەرپرسێکی ئێرانی ئاشکرای کرد، ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە دوو هەزار کەس.
ئەمڕۆ سێشەم 13ی کانوونی دووەمی 2026، هەریەک لە (فڕەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، فینلاند، بەلجیکا و ئیسپانیا) بڕیاریان دا باڵوێزی ئێران لە وڵاتەکانیان بانگ بکەن.
ژان نۆێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فڕەنسا ڕای گەیاند، پاریس بە توندی سەرکوتکردنی توندوتیژیانەی خۆپێشاندەرانی ئاشتیخواز لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە شەرمەزار دەکات.
لای خۆیەوە ئیڤێت کوپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هەڕەشەی کرد و گوتی "سزای زیاتر بەسەر ئێراندا دەسەپێنین و ڕووبەڕووی هەر هەڕەشەیەک دەبینەوە کە تاران پاڵپشتیی بکات".
وەزارەتەکانی دەرەوەی هۆڵەندا، بەلجیکا و فینلاند دووپاتییان لەسەر ئەوە کردووەتەوە، دەبێت ئێران دەستبەجێ خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت بگەڕێنێتەوە و مافە سەرەتایییەکانی هاووڵاتییان پێشێل نەکات.
ئامارێکی مەترسیدار
لەلایەکی ترەوە، بەرپرسێکی ئێرانی ئەمڕۆ سێشەم بە ئاژانسی "ڕۆیتەرز"ی ڕاگەیاندووە، لە سەرەتای دەست پێ کردنی خۆپێشاندانەکانەوە تا ئێستە، نزیکەی دوو هەزار کەس کوژراون، هەرچەندە بەرپرسیارێتیی کوشتنی مەدەنی و هێزە تەناهییەکانی خستووەتە ئەستۆی ئەوانەی بە "تیرۆریست" وەسفی کردوون.