لە ماوەی رابردوو لە میدیاكانی شیعە وا بڵاو كرایەوە كە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییە سازشی بۆ نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كردووە و مالیكی بووەتە تاكە كاندیدی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بەڵام سەركردەیەكی هاوپەیمانیەتییەكەی سوودانی ئاماژە دەكات كە ئەو بابەتە هێشتا تەواو یەكلا نەبووەتەوە و چانسی سوودانی هەر ماوە.
عەبدولهادی سەعداوی سەركردە لە هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییەی سوودانی دەڵێت، دوو فراكسیۆن مافی پێشكەشكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانیان لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەبوو، ئەوانیش ئیعمار و تەنمییە و دەوڵەتی یاسا بوون، بۆیە چوارچێوەكە داوای لەوان كرد كە كاندیدی یەكێكیان پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت، واتە سوودانی و مالیكی و پێویستە خۆیان یەكلای بكەنەوە.
روونی كردەوە، كارەكە لە نێوان سوودانی و مالیكی مایەوە، ئەوان ساردی كەوتە نێوانیان، بەڵام دوای چوار دیداری هاوبەش كە دەبوایە یەكێكیان سازش بۆ ئەوەی تر بكات، تا ئێستە سوودانی لە كێبەركێی وەرگرتنی دووەم خولی سەرۆك وەزیران پاشەكشەی نەكردووە، بەڵام بەهۆی بەرژەوەندیی گشتی وەك خۆی و هاوپەیمانی ئیعمار پاڵپشتیی لە مالیكی كرد بۆ كاندیدبوون بۆ پۆستەكە، ئەگەر مالیكی لەناو چوارچێوە پەسند كرا، ئەوە پەنا دەبرێتە بەر پێكهاتەكانی تر، واتە كورد و سوننە و ئەوانیتر، جیا لە وەرگرتنی رەزامەندیی كۆمەڵگەی دەرەكی و نەجەف، كە رەتی كردەوە بێتە ناو بابەتەكەوە.
سەعداوی دووپاتی كردەوە كە دەبوایە دوێنێ دووشەم چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ خستنەڕووی ناوی مالیكی بۆ دەنگدان لەسەری كۆ ببێتەوە، بەڵام كۆبوونەوەكە دوا خرا، ئێستەش ئەگەر مالیكی رەزامەندیی چوارچێوە و پێكهاتەكان و دەرەوە بەدەست نەهێنێت، سوودانی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دێتە راسپاردن.