بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم ئاشکرای کرد، ژمارەی کوژراوانی خۆپێشاندانەکان بۆ لایەنی کەم 3000 کەس بەرز بووەتەوە، کە سەدان کەسیان لە ئەندامانی هێزە تەناهییەکانن.
ئەو بەرپرسە تەندروستییە بە ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمەریکی ڕاگەیاندووە، "ژمارەی کوژراوان بەهۆی خۆپێشاندانەکانی ئێران لە 3000 کەس نزیک دەبێتەوە"، ئاماژەی بەوەش دا ئەو ژمارانە قەبارەی ئەو گرژییە پێشان دەدەن کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا شەقامەکانی ئێرانی گرتووەتەوە.
روونیشی کردەوە کە قوربانییەکان لە چەند پارێزگایەکن و لە ناو پێکدادان و توندوتیژیی دوولایەنەدا بووە، بێ ئەوەی وردەکاریی لەبارەی تەمەن یان جۆری برینەکانیان ئاشکرا بکات.
بەرپرسەکە ئەوەشی خستە ڕوو، نەخۆشخانە و ناوەندە پزیشکییەکان بەهۆی لێشاوی ژمارەیەکی زۆری بریندارانی خۆپێشاندانەکانەوە، ڕووبەڕووی پەستانێکی زۆر بوونەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی هیلاکبوونی تیمە پزیشکییەکان و کەمبوونەوەی تواناکان، بەتایبەت لە شارە گەورەکان و لەوانەش تاران. ئاماژەی بەوەش کرد کە کەرتی تەندروستی لە دۆخێکی نائاساییدا کار دەکات، لە سایەی سەختیی گەیشتن بە هەندێک لە ناوچەکان کە کاریگەریی خۆپێشاندانەکانیان لەسەرە.
لە لایەکی ترەوە ماڵپەڕی "هەرانا" بۆ چاودێریی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، ئەمڕۆ سێشەم بڵاوی کردەوە، ژمارەی پشتڕاستکراوەی کوژراوان لە خۆپێشاندانەکان گەیشتووەتە 2003 کەس.
هاوکات لە کاردانەوەی مامەڵەی تاران بەرانبەر بەو خۆپێشاندانانەی شارەکانی ئێرانی گرتووەتەوە، هەریەک لە فەڕەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، فینلاند، بەلجیکا و ئیسپانیا، ئەمڕۆ سێشەم باڵیۆزانی ئێرانیان بانگهێشت کرد، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بە "سەرکوتکردنی خۆپێشاندان و خۆپێشاندەران" ناویان برد.
ئەم هەنگاوەش لە چوارچێوەی گوشارە ئەورووپییەکان دێت بۆ سەر تاران، لەگەڵ زیادبوونی داواکارییەکان بۆ لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ئەو پێشێلکارییانە و مسۆگەرکردنی ئەوەی لە سزای نێودەوڵەتی رزگاریان نەبێت.
پێشتریش هەر ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، داوای لەوانە کرد کە بە "نیشتمانپەروەرانی ئێران" وەسفی کردن، بەردەوام بن لە ناڕەزایەتی و "دەست بەسەر دامەزراوەکانیاندا بگرن"، هەروەها داوای کرد ناوی ئەوانە پاشەکەوت بکرێت کە بە "کوژەر و دەستدرێژیکار" ناوی بردن و دووپاتی کردەوە کە "باجێکی قورس دەدەن".
ترەمپ لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی "ترووس سۆشیال" ڕای گەیاند، هەموو کۆبوونەوەکان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران هەڵوەشاونەتەوە تا ئەو کاتەی ئەوەی بە "کوشتنی بێهوودەی خۆپێشاندەران" وەسفی کردووە دەوەستێت، ئاماژەی بەوەش دا "یارمەتی لە ڕێدایە".
جێی باسە ئێران لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە شاهیدی خۆپێشاندانە، کە بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئابووری و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان سەری هەڵدا و دواتر بۆ چەند شارێک تەشەنەی کرد.