جیم ڕیش: تاوانبارانی حەلەب دەبێت سزا بدرێن و تاوانەكانیان نابێت پەردەپۆش بكرێت

:: AM:10:50:14/01/2026 ‌
سەرۆكی لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا ڕای گەیاند،  نابێت ئەو دڕندەییانەی بەرانبەر هاوڵاتییانی مەدەنی لە حەلەب ئەنجام دراوە پەردەپۆش بكرێن، بەڵكو دەبێت لەبەرانبەر ئەو كارە قێزەونانەی كە ئەنجامیان داوە لێپرسینەیان لێ بكرێت.

جیم ڕیش سەرۆكی لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا و سیناتۆر لە ویلایەتی ئایداهۆ، لەبارەی  هێرشی چەتەكانی سەر بە ئەحمەد شەرع و دەوڵەتی توركیان، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس پەیامێكی بڵاوكردەوە.

جیم ڕیش ڕای گەیاند، بە قووڵی نیگەرانم لەو هەڵوێستەی كە هێزە چەكدارەكان لە حەلەب نیشانیاندا، ئەوانەی ئەم كارە قێزەونەیان ئەنجامداوە دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت و دوای چەندان ساڵ لە شەڕ، ئەركی ئیدارەی نوێی سووریا و هێزە چەكدارەكانی پاراستنی مافە بنەڕەتییەكانی گەلە، نەك پێشێلكردنیان.

گوتیشی: پێویستە لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو كەسانەدا بكرێت، كە دڕندەیی و قێزەونییان بەرانبەر هاوڵاتییانی مەدەنی لە حەلەب ئەنجام داوە و بە هیچ شێوەیەك نابێت پەردەپۆش بكرێت.

ڕۆژی شەشـی كانوونی دووەم، گرووپە چەتەكانی سەر بە ئەحمەد شەرع و دەوڵەتی توركیا بە چڕی و بە چەكی قوورس هێرشیان كردە سەر گەڕەكە كوردییەكانی حەلەب، هاوكات لەبەرانبەردا شەڕڤانان و گەل بەرخۆدانێكی قارەمانانەیان ئەنجام دا.

هێرشەكانی ئەو گرووپانە كاردانەوەی ناوخۆی و نێودەوڵەتی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، لەوڵاتان چەندان بەرپرس و پەرلەمانتار و سیناتۆری ئەمەریكی قسەیان لەبارەوە كردووە و ئیدانەیان كرد.



وشە - سۆران عەزیز