لە ئەگەری هێرشكردنە سەر ئێران داوای هێنانەوەی عێراقییەكان دەكرێت

:: PM:07:12:14/01/2026 ‌

ئەگەرچی كات و قەبارەی هێرشەكەی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران دیار نییە، بەڵام هەموو ئاماژەكان بەرەو ئەوەن كە زۆر نزیكە، تەواوی وڵاتانی ناوچەكە خۆیان بۆ هێرشێكی نادیار لە شێوە و قەبارە و كاردانەوەكانی ئامادە كردووە، ناوەندێكی مافی مرۆڤی عێراقی داوا لە حكوومەت دەكات عێراقییەكانی لە ئێران دەخوێنن یان بۆ چارەسەر و گەشتیاری چوونە، فریا كەوێت و بیانگەڕێنێتەوە.

عەلی عەبادی سەرۆكی ناوەندی عێراق بۆ مافی مرۆڤ ئاماژە دەكات كە لە سایەی هەڕەشەكانی ئەمەریكا لە ئێران، ناوچەكە بەرەو شەڕێكی نزیك هەنگاو دەنێت كە ئەگەری هەیە لە هەر ساتێك هەڵبگیرسێت، ئەوەش كاریگەریی مەترسیدار و خوێناوی دەبێت و ناتوانرێت پێشبینیی قەبارەی كاردانەوەكانی بكرێت، ئێستە هەموو سیناریۆكان كراوەن.

روونی كردەوەن لەو دۆخەدا پێویستە بەغدا چوار هەنگاو بۆ خۆپارێزی بنێت بۆ رزگاركردنی دەیان هەزار عێراقی كە بۆ خوێندن یان چارەسەری و گەشتیاری و هیتریش لە ئێرانن، ئەكەم دانانی پلانێكی روونی فریاگوزاری بۆ هێنانەوەی ئەو عێراقییانە لەكاتی هەڵگیرسانی شەڕ، دووەم دیاریكردنی ژمارەی تەلەفۆنی گەرم بۆ پێوەندیكردنی راستەوخۆی عێراقییەكانی ئێران بە باڵوێزخانەی عێراق لە تاران و كونسوڵگەكانی لە ئێران.

عەبادی دووپاتی كردەوە، سێیەم دانانی میكانیزمێك بۆ پێشوازیكردنێكی رێكوپێكی عێراقییەكان لە دەروازە سنوورییەكان، چوارەم، دەركردنی لیستێك بە رێنوێنی بۆ هاووڵاتییانی عێراقی لەبارەی چۆنیەتی رەفتاركردن لە حاڵەتی هەر پەرەسەندنێكی تەناهی، چونكە چەندان وڵات داوایان لە هاووڵاتییانیان لە ئێران كردووە وڵاتەكە جێ بێڵن و پێویستە بەغداش ئاگەداری هاووڵاتییانی ببێت و رێنوێنییان بكات.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل