نێچیرڤان بارزانی: بەردەوامین لە هەوڵەکانمان بۆ هێورکردنەوەی دۆخی سووریا

:: PM:08:30:14/01/2026 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم لەگەڵ پاتریک دۆرێل باڵیۆزی فڕەنسا لە عێراق کۆ بووەوە و دۆخی ناوچەکە و دوایین پێشهاتەکانیان تاوتوێ کرد.

وەك لەراگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هیوایان خواست ڕێکارەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ لە وادەی یاساییی خۆیاندا بەڕێوە بچن و حكوومەتێک پێک بێت کە وەڵامدەرەوەی چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتییان و ئاڵنگارییەکان بێت، هەروەها دووپاتیان لە گرنگیی پەلەکردن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە.

سەبارەت بە دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکەش، هەردوولا نیگەرانییان دەربڕی و هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و چارەسەرکردنی کێشەکان بە دیالۆگ و ڕێگە دیپلۆماسییەکان، لەو ڕووەوە دووپاتیان کردەوە کە گرژییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی، ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە زیاتر دەکەن.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا باس لە پێشهاتەکانی سووریا کرا و نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەموو پشتیوانییەک لە مافەکانی گەلی کورد و هەموو پێکهاتەکان لە سووریا دەکات.

لە راگەیەنراوەكەی سەرۆكایەتی هەرێمدا زیاتر هاتوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا هەر لە سەرەتای ڕووداوەکانی حەڵەبەوه، لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە هەوڵدا بوون بۆ ڕاگرتنی شەڕ و پاراستنی سەقامگیری و لە هەوڵەکانیشیان بۆ هێورکردنەوە بەردەوامن.

لای خۆیەوە باڵیۆزی فڕەنسا وێڕای دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، ستایشی هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانیی کرد لەپێناو ئارامی و سەقامگیریدا.

جێی باسە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و چەند پرسێکی تر، تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوون کە یان برێم، کونسوڵی گشتیی فڕەنسا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو.


وشە - پۆڵا مەحموود