عەلی قەرەداغی سەرۆکی یەکێتیی زانایانی جیهانی، پەیامێکی دوورودرێژی ئاراستەی لایەنە ناکۆکەکانی سووریا کرد و داوای لێ کردن دەستبەجێ شەڕ و کوشتار ڕاگرن و پابەندی ئەو ڕێککەوتنە بن کە لە نێوان حكوومەت و هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" واژوو کراوە.
پڕۆفیسۆر دکتۆر عەلی محێدین قەرەداغی، ئەمڕۆ چوارشەم 14ی کانوونی دووەمی 2026، لە پەیامەکەیدا بە ناوی خۆیەوە داوای لە هەموو لایەنەکانی سووریا کرد شەڕ و کوشتار وەلابنێن و خوێنڕشتن ڕاگرن، ئەوەش لەپێناو ئاشتەوایی گشتگیر و بونیادنانی سووریایەکی نوێ.
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی جیهانی داوای کرد لایەنەکان پابەند بن بەو ڕێککەوتننامەیەی لە نێوان حكوومەت و هەسەدە واژوو کراوە و پەلە بکەن لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی بە نیازێکی پاک و لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوو، کە مافە ڕەواکانی گەلی کوردی تێدا دەستەبەر کرابێت.
قەرەداغی لە پەیامەکەیدا ڕوونی کردەوە ئەم داواکارییە ئەرکێکی شەرعییە، هەروەک چۆن ئەرکێکی نیشتمانی و مرۆیشە، چونکە ئاشتەوایی خێرە و فەتحێکی ڕوون و مایەی خێر و بەرەکەتە بۆ گەلی سووریا، بەڵام جەنگ و کوشتار لە نێوان موسڵماناندا فیتنەیەکە شوێنەواری مەترسیداری هەیە و هەمووی شەڕە و هەرگیز خێری تێدا نییە، ئەزموونە مێژووییەکانیش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن.
ناوبراو ئاماژەی بە دەقە پیرۆزەکان کرد و گوتی قورئانی پیرۆز دووپاتی لەسەر حەرامکردن و بە تاوانکردنی کوشتنی موسڵمانان کردووەتەوە و خودای گەورە سزای دۆزەخی بۆ داناوە، تەنانەت کوشتنی یەک مرۆڤی بە ناحەق وەک کوشتنی هەموو خەڵکی جیهان داناوە.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، قەرەداغی ئاماژەی بەوە دا بەجێهێنانی ئەرکی ئایینی و نیشتمانی وا دەخوازێت کێشەکان لە ڕێی دیالۆگی بونیادنەر و نیازێکی پاک و ڕاستگۆیانە چارەسەر بکرێن، بۆ گەیشتن بە ئاشتەوایی گشتگیر و سڕینەوەی ئەو ستەم و کێشانەی ڕژێمی ستەمکاریی لەناوچووی پێشوو جێی هێشتوون.
هەروەها داوای لێ کردن کاروانی برایەتی، ئاوەدانکردنەوە، زانست و شارستانییەت سەرڕێ بکەن لەپێناو بونیادنانی سیستەمێکی نوێ کە مافی هەمووان بپارێزێت و جێگەی هەمووانی تێدا ببێتەوە، تاوەکو سووریا ببێتە نموونەیەکی ڕاستەقینەی گەشەسەندوو.
سەبارەت بە هەوڵەکانی خۆیشی بۆ خەڵکی سووریا، عەلی قەرەداغی ئاشکرای کرد کە شانازیی ئەوەی پێ بڕاوە هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە بە هەموو توانایەوە پشتیوانی و پاڵپشتیی گەلی سووریا بکات، نموونەی ئەوەی هێنایەوە کە لە ڕێی "ڕێکخراوی ڕابیتەی مرۆیی" کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق دایانمەزراندووە، بە شێوەیەکی کارا بەشدار بوون لە هاوکاریکردنی ئاوارەکانی سووریا لە هەرێمی کوردستان و لە ناوخۆی سووریاشدا، کە قوربانیی تاوانەکانی ڕژێمی ستەمکاری پێشوو بوون.
هەروەها باسی لەوە کرد کە ئەو زانکۆیەی دایانمەزراندووە (زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی)، سەدان خوێندکاری کوردی سووریای بۆ خوێندن بەخۆڕایی و بێ بەرامبەر وەرگرتووە و ئەو پڕۆژەیە تا ئێستەیش بەردەوامە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا عەلی قەرەداغی دووپاتی کردەوە هەوڵێکی زۆری داوە بۆ ئاشتەوایی و نزیککردنەوەی لایەنەکان و هێشتاش بەردەوامە، داواشی لە دڵسۆزان و چاکەخوازان کرد ئەوەی لە توانایاندایە بیکەن بۆ وازهێنان لە شەڕ و گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنە واژووکراوەکە و تەواوکردنی.
قەرەداغی ئاشکرای کرد کە ئەو بانگەوازەی ئاراستەی هەردوو لایەنەکە کردووە و هیوا و گومانێکی زۆری هەیە کە بە دەم داواکارییەکەیەوە بێن، ئامادەیی خۆیشی نیشان دا بۆ خستنەگەڕی هەوڵی زیاتر لەپێناو ڕاگرتنی شەڕ و بەشداریکردن لە بەدیهێنانی ئاشتەوایی و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.