ئامانجە گریمانكراوەكانی هێرشەكەی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران چین؟

:: PM:11:06:14/01/2026 ‌

وەك ئاژانسی "رۆیتەرز" لە ژمارەیەك بەرپرسی ئەوروپی گواستەوە، هێرشەكەی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران لە ماوەی 24 سەعاتی داهاتوو ئەنجام دەدرێت، دوێنێ سەرۆكی ئەمەریكا لەگەڵ گەورە راوێژكارە سەربازی و تەناهییەكانی كۆ بووەتەوە و بریاری لەبارەی ئێرانەوە داوە، بەرپرسێكی پێشووی ئەمەریكی باسی ئامانجەكانی هەر هێرشێكی وڵاتەكەی بۆ سەر تاران دەكات.

مارك كیمیت یاریدەدەری وەزیری بەرگری و دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند، پێشبینی دەكرێت سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی هێرشی ئاسمانییەوە بەرپرسانی رژێمی ئێران بكاتە ئامانج كە خۆپێشاندەران دەكوژن، لەوانە فەرماندەكانی سوپای پاسداران و فەیلەقی قودس و هێزەكانی بەسیج.

هاوكات وەك میدیاكانی ئەمەریكا لە زاری بەرپرسانی پنتاگۆن بڵاویان كردەوە، بژارەكانی خراونەتە بەردەم ترەمپ بۆ كردنەئامانجیان لە هەر هێرشێك بۆ سەر ئێران بریتین لە بەرنامەی ئەتۆمی و شوێنی مووشەكە بالیستییەكان و هێرشی ئەلیكترۆنی و كردنەئامانجی دەزگە تەناهییەكانی ئێران، كە دەستیان لە كوشتنی خۆپێشاندەران هەیە، هێرشەكە زۆر نزیكە و رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوو بكرێت.

بەپێی میدیاكانی ئەمەریكا، رێكخراوی "یەكگرتووان لە دژی ئێرانێكی ئەتۆمی"، كە بارەگەكەی لە واشنتنە، دۆسیەیەكی بە 50 ئامانجی گرنگی سەربازی و ستراتیجی ئێرانی داوەتە كۆشكی سپی، لەوانە شوێنی وردی بارەگەی سەركردایەتیی سوپای پاسدارانی ئێران لە "سەرەڵا"، كە ناوەندی سەركردایەتیی سوپاكەیە تایبەت بە راوەدوونانی خۆپێشاندەران و ناوەندی سەركردایەتی سوپایە و سەرپەرشتیی ئۆپراسیۆنەكانی پۆلیسی ئێران دەكات، جیا لە چوار بارەگەی سوپاكە لە تارانی پایەتەخت، بارەگەی سەركردایەتیی قودس و بارەگەی سەركردایەتیی فەتح و بارەگەی سەركردایەتیی نەسر و بارەگەی سەركردایەتیی قەدر.

دۆسیەكە باسی ئامانجی تری گرنگ لە تارانی پایەتەخت دەكات، كە وەك ناوەندی نهێنیی سەركردایەتی كار دەكەن و ئۆپراسیۆنەكانی هەواڵگری و پۆلیس رێك دەخەن، ئامانجەكان 23 بنكەی بەسیجی سەر بە سوپای پاسدارانی لە هەر 22 ناوچەی تاران تیادایە، لەوانە ئەو یەكەی راوەدووی خۆپێشاندەران دەنێت، لەوانە هەردوو لیوای ئال موحەمەد و زەهرا.   
  


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل