رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ناسنامەی پێنج هاوڵاتی تری كورد ئاشكرا دەكات كە لە خۆپیشاندانەكانی رۆژانی رابردوودا لە تاران كوژراون. دەشڵێت، تاوەكو ئێستە لانیكەم 48 هاوڵاتی كورد لە خۆپیشاندانەكانی ئێراندا كوژراون كە 12 هاوڵاتیان لە تاران كوژراون.
رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە راپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، شەوی پێنجشەمی رابردوو لە میانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەكانی تاراندا، پێنج هاوڵاتی دتری كورد بە تەقەی هێزە تەناهییەكانی ئێران كوژراون و ناسنامەكانیشی ئاشكراكردوون.
ئەو پێنج هاوڵاتییە كوردە كە لە تاران كوژراون، بەپێی راپۆرتەكە، پێكدێن لە گوڵاڵە مەحمودی ئازەر 26 ساڵان خەڵكی مەهاباد، زارا مورادی و سیاوەش شێرزاد 38 ساڵان خەڵكی بۆكان، عیرفان عەلیزادە 24 ساڵان و خەڵكی "لۆمار"ی شاری سیروان لە پارێزگای ئیلام، عەلی عەباسی 18 ساڵان و خەڵكی گێلانی پارێزگای كرماشان.
ئاماژەی بەوەشداوە، هەنگاو تاوەكو ئێستا توانیویەتی ناسنامەی 12 هاوڵاتی كوردی ئاشكرابكات كە لە ناڕەزایەتییەكانی تاراندا كوژراون.
هێمای بۆ ئەوە كردووە، تەرمی ئەو پێنج هاوڵاتییە كوردە، پاش گەڕانی بنەماڵەكانیان لە نێوان سەدان تەرم لە ساردخانەكانی تاران وەرگیراونەتەوە.
رێكخراوەكە ئەوەشی خستۆتەڕوو، هێزە سەركوتگەرەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بنەماڵەی گیانبەختكراوانیان خستونەتە ژێر گوشارەوە تا لە بەرانبەر وەرگرتنەوەی تەرمی منداڵەكانیان، بە ناچار دانپێدانانی زۆرەمڵی لە تەلەفزیۆن ئەنجام بدەن، دانپێدانانێك كە لە نێویدا، كوشتنی منداڵەكانیان بخەنە ئەستۆی خۆپێشاندەران. سەرەڕای ئەمەش بنەماڵەكان ئەبێ بڕە پارەی دیاریكراوی یەك میلیارد تمەن بدەن، بەڵام بنەماڵەكان ئامادە نەبوون دانپێدانانی زۆرەملێ ئەنجام بدەن.
رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، راشیگەیاندوە، بەو پێیە هەتا ئێستا لانیكەم 48 هاوڵاتیی كورد لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەكانی ئەم دواییانە كوژراون كە 12 كەسیان لە تاران كوژراون.