دوای هێرشی چەتەكانی جۆلانی بۆ سەر شێخ مەقسود و ئەشرەفییە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خەریكە هەڵوێستی رژد دژی دەسەڵاتەكەی سووریا دەگرێتە بەر، بەڵام ئیلهام ئەحمەد رای گەیاند، هێشتا دونیا بێدەنگە.
ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی پێوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر دەڵێت: دۆخەكە زۆر سەخت و مەترسیدارە، تائێستە هەموو بەڵێنانەی شام بە كۆمەڵگەی نێودەڵەتی و ئەو شاندانەی سەردان دەكەن، تەنیا لە چوارچێوەی بەڵێندا ماوەتەوە، ئەوەی دەیكەن پێچەوانەی بەڵێنەكانیانە.
ئیلهام ئەحمەد رای گەیاند، ئەوەی لەشێخ مەقسود كرا نابێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێ هەڵوێست بێڵێتەوە و چونكە كارەساتێكی بێ وێنەبوو.
ئیلهام دەڵێت: تەنیا لە خێزانەكەی من لە شێخ مەقسود حەوت كەس گیانی لە دەستداوە.
ئەوەشی گوتووە، بەشێك لەخێزانەكەی ئەو لەناو پاسێكدا بوون و درۆنێك لێیداون و گیانیان لەدەستداوە.
باسی لەوەش كردووە، چەتەكان دوای شەرەكە ماڵی خەڵكی تاڵان دەكەن و هەرچی هەبوو دزیویانە و خەڵك دەگرن و چەندان خێزان بێ سەر و شوێنن.
ئاماژە بەوەشدەكات: جیهان تائێستا هەڵوێستێكی روونی بەرانبەر ئەو داعشانەو بەرانبەر ئەو تاوانانەی ئەنجامدەدرێن نییە، ئەگەر ئەمڕۆ هەڵوێستێكی توندیان بەرانبەر نەگیرێتەبەر ئەو شەڕ بۆ دەرەوە پەلدەكێشێت، جارێكی بیری توندڕەوی پەلدەكێشێتەوە بۆ وڵاتانی دەرەوە.
لەدوای پەلاماری شێخ مەقسەد بەشێكی زۆری بەرپرسانی ئەمەریكا هاتوونەتە سەر خەت و دەڵێن: لە دەسەڵاتی نوێی سووریای قبوڵ ناكەن.
لیندسی گراهام لەهەژماری تایبەتی خۆی لە پلاتفۆڕمی ئێكس نووسیویەتی، "حكوومەتی نوێی سووریا ئاگاداردەكەمەوە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ بەرانبەر بە كەمینەكان بە هیچ شێوەیەك قبوڵكراو نابێت، ئەوەی لە هەمووشی نیگەرانترە، گەیشتنی چەند ڕاپۆرتێكە كە باس لەوە دەكەن هێزەكانی سوپای سووریا و توركیا رەنگە پێشڕەوی زیاتر رووبەڕوی هاوپەیمانە كوردەكانمان بكەن، ئەمەش هەنگاوێكە كە بڕوام وایە كاردانەوەیەكی توندی ئەمەریكای لێ دەكەوێتەوە".