وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ئەمڕۆ پێنجشەم، سەپاندنی سزای بەسەر 11 بەرپرسی باڵای ئێران و شەش کۆمپانیادا ڕاگەیاند، ئەوەش بەهۆی تێوەگلانیان لە سەرکوتکردنی "وێرانهێنەرانەی" خۆپێشاندەران و سپیکردنەوەی پارەی نەوت.
سکۆت بێسێنت وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ئاشکرای کرد، بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ سزاکان سەپێنراون و ئامانج لێیان ئەو بەرپرسانەیە کە دەستیان لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤدایە، لەگەڵ کردنەئامانجی ئەو تۆڕە داراییە نافەرمییانەی داهاتی وڵات بۆ "دەستەبژێری دەسەڵات" دەدزن.
دیارترین سزادراوان و هۆکارەکان بەپێی گەنجینەی ئەمەریكا:
عەلی لاریجانی: ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران تۆمەتبارە بەوەی لەبری عەلی خامنەیی ڕابەری کۆماری ئیسلامی، سەرپەرشتیی وەڵامدانەوەی خۆپێشاندانەکانی کردووە و بە ئاشکرا داوای بەکارهێنانی هێزی کردووە.
فەرماندە سەربازییەکان: سزاکان فەرماندەی هێزەکانی پۆلیس و سوپای پاسدارانی لە پارێزگاکانی لوڕستان و فارس گرتووەتەوە (محەمەد ڕەزا هاشمی فەر، نیعمەتوڵا باقری، عەزیزۆڵا مالیکی و یەدوڵا بوعەلی)، کە تۆمەتبارن بە کوشتنی خەڵکی مەدەنی و دەستبەسەرداگرتنی تەرمەکان بۆ ناچارکردنی کەسوکاریان بە ددانپێدانانی درۆینە.
تۆڕی سپیکردنەوەی پارە:
سزاکان 18 کەسایەتی و قەوارەی ئابوورییان کردووەتە ئامانج کە ڕۆڵیان هەبووە لە "خزمەتگوزاریی بانکیی هاوتەریب" بۆ سپیکردنەوەی داهاتی نەوت و پترۆکیمیایی، ئەم تۆڕە نهێنییە سەر بە هەردوو بانکی "میللی" و "شەهر"ی ئێرانین.
لە ڕێی کۆمپانیای وەهمییەوە لە ئیمارات و بەریتانیا، ملیارەها دۆلاریان بۆ سوپای پاسداران گواستووەتەوە لە جیاتی ئەوەی بۆ خەڵکی ئێران خەرج بکرێت.
بەپێی بڕیارەکە، سەرجەم سەروەت و سامانی ئەو کەس و کۆمپانیایانە لە ئەمەریکا سڕ دەکرێن و مامەڵەکردن لەگەڵیان قەدەغە دەکرێت.