هاوپەیمانان گەیشتنە هێڵی ئاگر ... جموجووڵێکی "سەرنجڕاکێش" لە حەلەب دەستی پێ کرد

:: PM:12:49:16/01/2026 ‌
چالاکانی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەیانیی ئەمڕۆ هەینی جووڵەی دەورییەکی هێزەکانی "هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی"یان تۆمار کرد، کە لە بنکەکانیان لە ڕەقە بەڕێکەوتوون بەرەو شاری دێر حافر لە گوندەكانی دەوروبەری ڕۆژهەڵاتی حەلەب، ئەمەش وەک جووڵەیەکی سەرنجڕاکێش و هاوکات لەگەڵ گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکە وەسف دەکرێت.

ئەم گەڕە مەیدانییە لە کاتێکدایە کە شاری دێر حافر و دەوروبەری پەرەسەندنێکی سەربازیی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت، دوای ئەوەی سێ ڕۆژ لەمەوبەر هێزەکانی حكوومەت شارەکەیان وەک "ناوچەی سەربازی" ڕاگەیاند.

ناوچەکە دوێنێ بۆردمانی چڕی تۆپخانە و ئاسمانیی بەخۆیەوە بینی کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە "وەزارەتی بەرگری" لە حكوومەتی کاتیی سووریا ئەنجام درا، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ و ئاوارەبوونی بەرفراوانی دانیشتووانی ناوچەکە بەرەو گوندە ئارامەکان.

روانگەی سووری ئاماژەی بەوە داوە چاودێریی ئەو جووڵەیەی دەورییەکەی هاوپەیمانان دەکات لە ناوچەیەکی بەرکەوتنی گەرمدا، کە هاوکاتە لەگەڵ بۆردمانی دوولایەنە و کۆکردنەوەی هێز لە نێوان گرووپەکانی سەر بە حكوومەت لە لایەک و هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" لە لایەکی تر، لە ناوەڕاستی ترسی فراوانبوونی بازنەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی حەڵەب.



وشە - پۆڵا مەحموود