یەكەم پەیامی ئەمەریكا لەبارەی رێككەوتنی سووریا و هەسەدە گەیشت...

:: PM:08:02:18/01/2026 ‌
تۆم باراک نێردەی ئەمەریکا بۆ سووریا، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەم ڕای گەیاند ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان حكوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" بۆ وەستانی شەڕ کراوە، خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگە و ستایشی هەوڵەکانی هەردوولای کرد کە بووە هۆی نانی ئەم هەنگاوە.

باراک لە گوتەیەکدا ئاماژەی بەوە دا ڕێککەوتنی ئاگربەست ڕێ خۆش دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ و هاوکاریی نێوان هەردوولا، تا دەگاتە سووریایەکی یەکگرتوو و گشتگیر، ڕوونی کردەوە کە دوژمنانی پێشوو ئەمڕۆ لە لۆژیکی دابەشبوونەوە دەچنە قۆناغی هاوبەشییەوە.

نێردەی ئەمەریکا ئاشکرای کرد قۆناغی داهاتوو کاری سەخت بەخۆیەوە دەبینێت بۆ دانانی کۆتا دەستکارییەکان لەسەر وردەکاریی ڕێککەوتنی گشتگیر بۆ تێکەڵکردنەوەی هەسەدە لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا، دووپاتی کردەوە کە ئەمەریكا بەهێزەوە لە هەموو قۆناغەکاندا پشتیوانی لەم پرۆسەیە دەکات.

باراک ئەوەشی خستە ڕوو پشتیوانیی واشنتن بۆ پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی هەسەدە، هاوتەریبە لەگەڵ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە تێکشکاندنی ڕێکخراوی داعش و پاڵپشتیکردنی پلانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هەر ئەمڕۆ ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتیی سووریا، ڕێککەوتنێکی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" واژوو کرد کە بەپێی بڕگەکانی، دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا ئیدارەی پارێزگاکانی حەسەکە، دێرەزوور و ڕەقە دەگرنە دەست.

 گرنگترین خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە بریتین لە ڕاگەیاندنی ئاگربەستی گشتگیر و دەستبەجێ لە هەموو بەرەکانی جەنگ، هاوتەریب لەگەڵ کشاندنەوەی هێزە سەربازییەکانی سەر بە هەسەدە بۆ ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات وەک ئامادەکارییەک بۆ بڵاوەپێکردنەوەیان.

هەروەها حكوومەتی سووریا دەستبەجێ تەواوی ئیدارەی مەدەنی و سەربازی لە پارێزگاکانی دێرەزوور و ڕەقە وەردەگرێت، لەگەڵ تێکەڵکردنەوەی دامەزراوە مەدەنییەکانی پارێزگای حەسەکە لەناو هەیکەل و دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا.

ڕێککەوتنەکە دەقی لەسەر ئەوەش هەیە حكوومەتی سووریا ئیدارە و پاراستنی دەروازە سنوورییەکان و کێڵگەکانی نەوت و گاز لە ناوچەکە وەربگرێت و هێزە فەرمییەکان بەرپرسیارێتیی پاراستنیان لە ئەستۆ دەگرن.

لە لایەنی سەربازی و تەناهیشەوە، ڕێککەوتن کراوە لەسەر تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی هەسەدە لەناو وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ بە شێوەی تاکەکەسی و دوای وردبینیی تەناهی، پلە و شایستەیان پێ دەدرێت و تایبەتمەندیی ناوچە کوردییەکانیش ڕەچاو دەکرێت.

بەپێی ڕێککەوتنەکە، شاری کۆبانێ (عەین عەرەب) لە چەکی قورس چۆڵ دەکرێت و هێزێکی تەناهیی ناوخۆیی لە ڕۆڵەکانی شارەکە دروست دەکرێت، لەگەڵ هێشتنەوەی پۆلیسی ناوخۆیی کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەبێت.

هەروەها دۆسیەی زیندانییان و کەمپەکانی تایبەت بە چەکدارانی داعش و هێزەکانی پاراستنیان، لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا تێکەڵ دەکرێنەوە و حكوومەت بەرپرسیارێتیی یاسایی و تەناهییان بەتەواوی دەگرێتە ئەستۆ.



وشە - پۆڵا مەحموود