سەدر داوای تۆكمەكردنی سنوورەكان لەگەڵ سووریا دەكات

:: PM:09:11:18/01/2026 ‌

لە ماوەی چەند هەفتەیەكدا دۆخی سووریا پەرەسەندنی گەورەی بەخۆیەوە بینین بەتایبەتی ئەمەریكا و توركیا و حكوومەتی كاتیی سووریا بە زەبری هێز و هێرشی سەربازی رێككەوتنی 10ی ئاداری ساڵی رابردوویان جێبەجێ كرد، لەو ناوەدا موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی نیشتمانیی شیعە وریایی لە مەترسییەكان بەهۆی رووداوەكانی سووریا دا و داوای رەوانەكردنی هێزی بۆ پاراستنی سنوورەكان كرد.

ئەمشەو لە دوای راگەیاندنی رێككەوتنی نێوان هەسەدە و حكوومەتی كاتیی سووریا و رادەستكردنەوەی سنوورەكان بۆ هێزەكانی سەر بە دیمەشق، سەدر لە پۆستێك لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، ئەوەی لە سووریا و لە نزیك سنوورەكانی عێراق دەگوزەرێت، كارێكە نابێت بە ساویلكەیی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، پێویستە بابەتەكە بە رژدی وەربگیرێت، كاتێك مەترسییەكان نزیكن و تیرۆر لە لایەن هێزی باڵادەستی دنیاییەوە پاڵپشتی دەكرێت. 

دووپاتی كردەوە، پێویستە بەپەلە كار بۆ پاراستنی سنوور و دەروازەكان بكرێت و راستەوخۆ هێزی پاڵپشتی، رەوانە بكرێت، داواشی لە هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كرد كە راستەوخۆ نەچنە ناو بابەتەكەوە، كە پاساو بە تیرۆر دەدات بۆ پێشێلكردنی خاكی عێراق و دەستدرێژكردنە سەر خاك و پیرۆزییەكانمان.   






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل