هاوكات لەگەڵ ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكان، هەفتەی رابردوو زۆر نزیك بوو ئەمەریكا هێرشی سەربازی بكاتە سەر ئێران و بەهۆی زۆری گوشارەكانەوە ئەگەری كەوتنی رژێمی ئەو وڵاتە هەبوو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە تویتێكی داوای لە خۆپێشاندەران كرد كە بەردەوام بن و یارمەتیی ئەمەریكا بۆ ئەوان بەرێگەوەیە، كەچی لە دوا ساتەكان پاشگەز بووەوە، بەوەش ئێرانییەكان هەست بە دۆڕان دەكەن.
تا ئێستە لێكدانەوەی جیاواز بۆ پاشگەزبوونەوەی ترەمپ لە لێدانی ئێران دەكرێت، لەوانە سعوودیە و قەتەر و ئیسرائیل پاشگەزیان كردووەتەوە، یان ئەمەریكا ترسی هەبوو ئێران وەك ڤەنزوێلا نەبێت و رووسیا و چین بیخەنە تەڵەوە، بۆیە پلانەكەی بۆ دوای كۆكردنەوەی هێز بە هاوشێوەی ڤەنزوێلا دوا خست، كە گەمارۆی سەربازی بخاتە سەر نەوتەكەی و دواتر لە كردەیەكی كتوپڕی سەربازی گورزێكی لێ بوەشێنێت.
ژمارەیەك هاووڵاتیی ئێرانی بە رۆژنامەی
"واشنتن پۆست"یان راگەیاند، بەڵێنەكانی ترەمپ ئەوانی سوورتر كرد لەسەر بەرگریكردن بەرانبەر بە حكوومەتی ئێران و داوای رووخاندنی رژێمەكە، بەڵام ئەو هیوایەیان نەما و هەستیان بە شكست و دۆڕان و شۆكبوونێكی گەورە و خەمبارییەكی توند لە دوای پاشگەزبوونەوەی ئەمەریكا كرد.
هادیس هاووڵاتییەكی ئێرانییە لە تاران دەڵێت، سەرەڕای ئەو كوشتوبڕە زۆرەی هێزە تەناهییەكان، ئێرانییەكان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین هاتنە دەرەوە و پێشبینیان دەكرد ترەمپ فەرمان بە وەشاندنی گورزێكی سەربازی بۆ چەند ئامانجێكی ئێرانی دەربكات، ئێمە چاومان لە ئاسمان بوو وەك ئەوەی شتێك روودەدات، ئێستە لە ئێران دەدرێت، بەترسەوە بۆ ناڕەزایەتی چووینە دەرەوە، هیوایەكمان هەبوو ترەمپ ئێستە لە ئێران دەدات و لەناویان دەبات، بەڵام دوای پاشگەزبوونەوە لە هێرشەكە گەیشتینە ئەو ئەنجامەی ترەمپ بەرژەوەندیی ئێرانییەكانی لە خەیاڵ نییە و بیر لە مرۆڤایەتی ناكاتەوە، ئەگینا دەیتوانی بە ئاسانی شتێك بۆ ئێمە بكات.