ژه‌نه‌ڕاڵ مه‌زڵووم عه‌بدى داوایه‌كى وه‌هاى له ئه‌حمه‌د شه‌رع كردووه كه ناتوانێ پێشكه‌شى بكات. شه‌رع ناتوانێ سووریاى نوێ به‌سه‌ر پێكهاته‌كانى دابه‌ش بكات. نامه‌ركه‌زیكردنى بۆ ناوچه كوردییه‌كان، بابه‌تى عه‌له‌وییه‌كانى كه‌نار و درووزى سوه‌یداى به‌داوه‌وه دێت. بێ بوونى ده‌سه‌ڵاتێكى مه‌ركه‌زى به‌هێز ناكرێت یاریگه‌ى سوورى به‌ڕووى یاریزانه‌كانى ناوچه‌كه دابخرێت، ده‌بێت سووریایه‌كى یه‌كگرتوو بۆ سه‌قامگیرى هه‌رێمه‌كه هه‌بێت، ده‌بێت رێگری له گه‌ڕانه‌وه‌ى ئێران بكرێت، ئه‌ندازیارى نێوده‌وڵه‌تى بۆ چاره‌نووسه‌كان وا بیر ده‌كاته‌وه.
چاره‌سه‌ر له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى سووریا نییه، چاره‌سه‌ر له‌وه‌یه دادپه‌روه‌رى له‌گه‌ڵ كورد بكرێت، له‌ژێر سایه‌ى ده‌وڵه‌تێكى دادپه‌روه‌ر، چیرۆكى كورد له‌گه‌ڵ نه‌خشه؛ ئازاربه‌خش و درێژخایه‌نه، شانۆى سوورى تێده‌په‌ڕێنێ.
كورد له نه‌خشه ده‌ترسێ، له كێشانى به‌شدار نه‌بووه، له‌وه‌ى چى له نه‌خشه‌كه ده‌خوازێ پرسیارى لێ نه‌كراوه، سنووره‌كانى وه‌ك به‌نداو ده‌بینێت نه‌وه‌ك پردێك، به دیوارێكى ده‌زانێ له‌نێوان ئه‌ندامانى خێزانێكدا هه‌بێت، خه‌ونه‌كانى به‌سه‌ر سنووره‌كان ده‌ڕژێت و به‌رى ده‌كه‌وێت، ئه‌و تێیدا كه‌مینه‌یه، نه‌ریتى نه‌خشه‌كان نییه ئاسانكاری له‌گه‌ڵ كه‌مینه‌كان بكات.
نه‌خشه‌یش له كورد ده‌ترسێ، بۆنى جاڕسبوونى كورد ده‌كات، نه‌خشه هه‌ستى ئه‌وه‌ى هه‌یه كورد ناچار بووه بۆ شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه سه‌ركه‌وێ و ئێسته‌یش به دواى هه‌لێك ده‌گه‌ڕێ باز بدات و دابه‌زێ، بۆیه كورد به كردنه‌وه‌ى په‌نجه‌ره گوماناوییه‌كان و پێوه‌ندییه گوماناوییه‌كان تۆمه‌تبار ده‌كات.
كورد له نه‌خشه ده‌ترسێ، چونكه له‌گه‌ڵ پانتاییه‌كه‌ى ناكۆكه، نه‌ریتى نه‌خشه‌كانیش نییه مافى جیاوازى قبووڵ بكه‌ن. نه‌خشه به ئاسووده‌یى ناخه‌وێ ته‌نیا ئه‌و كاته نه‌بێت پشت به لێكچوون ده‌به‌ستێ، وا به باشتر ده‌زانێ، دانیشتووانه‌كه‌ى یه‌كپۆش بن، له یه‌ك كانى ئاو بخۆنه‌وه، به یه‌ك زمان گفتوگۆ بكه‌ن، تووشى سه‌ركێشى ئه‌وتۆ بن ئاسووده‌ییه‌كه‌ى تێك بده‌ن.
نه‌خشه له‌و كۆمه‌ڵانه ده‌ترسێ به ناوى جیاواز ره‌نگ كراون، له كولتوورى جیاواز، له فولكلۆرى جیاواز ده‌ترسێ، له خه‌ونى نهێنى كه له پشت په‌رده‌كانه‌وه ده‌رده‌كه‌ون. له‌و نه‌هه‌مه‌تییانه ده‌ترسێ كه له نه‌وه‌یه‌كه‌وه بۆ نه‌وه‌یه‌كى تر ده‌گوازرێنه‌وه، له یادگارى راپه‌ڕینه له‌باربراوه‌كان و زه‌ماوه‌نده قه‌ده‌غه‌كان ده‌ترسێ.
زوڵمه نه‌خشه‌كان تۆمه‌تبار بكرێن، كه له بنه‌ڕه‌تدا به مه‌ره‌كه‌بى رۆڵه‌كانى نه‌ناسراونه‌ته‌وه، به مه‌ره‌كه‌بى زۆرینه‌یش نه‌نووسراونه‌ته‌وه. به‌ڵكو به‌هێزه‌كان به‌گوێره‌ى به‌رژەوه‌ندییه‌كانى خۆیان كێشاویانه، بچووكه‌كانیش له‌سه‌ر خوانى گه‌وره‌كان ئاماده نابن، نه‌خشه‌كانى ئێسته گوناهیان چییه كاتێك په‌یمانى لۆزان له 1923 ئه‌و به‌ڵێنه‌ى شكاند كه رێككه‌وتنى سیڤه‌ر له ساڵى 1920 به كوردانى دابوو.
به‌م شێوه‌یه كورد به پێچه‌وانه‌ى خواستى خۆیان وه‌ك كه‌مینه به‌سه‌ر توركیا، ئێران، عێراق و سووریا دابه‌ش بوون و له غیابى سیستمى متمانه‌پێكراو كه زه‌حمه‌ته یه‌كخستن بێته‌دى و ددان به مافى جیاوازدا بنرێت.
به‌ر له 20 ساڵ گفتوگۆیه‌كم له‌گه‌ڵ مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان كرد، بینیم ئه‌و پیاوه له نزیك دوو ئاڵا دانیشتووه، ئاڵایه‌كى عێراق، ئاڵایه‌كى كوردستان. دیمه‌نه‌كه بۆ ئه‌و به‌شه‌ى دنیا ساده نه‌بوو، هه‌رێمێكى پشتبه‌ستوو به ده‌ستوور له‌دایك نه‌ده‌بوو ئه‌گه‌ر ئاره‌زووى ئێران و هاوپه‌یمانه‌كانى له عێراق نه‌بووایه بۆ ئه‌وه‌ى گرنگى ره‌ها به خستنى رژێمى سه‌دام حوسێن بدرێت.
ئه‌وه‌ى منى سه‌رسام كرد، ئه‌وه بوو ئه‌و پیاوه‌ى له نزیك ئه‌و دوو ئاڵایه دانیشتووه، له كۆمارى كوردى مه‌هاباد له‌دایك بووه، كه له‌سه‌ر خاكى ئێران له 1946 راگه‌یەنرا و ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌ى نه‌بوو به مۆمى یه‌كه‌م شاد بێت. هێزه‌كانى ئێران قازى محه‌مه‌دى رێبه‌رى كۆماریان به "تۆمه‌تى خیانه‌ت" له سێداره دا، به‌ڵام مه‌لا مسته‌فاى بارزانى فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى كۆمار، توانى له گه‌شتێكى داستان ئاسا به‌ره‌و یه‌كێتى سۆڤیه‌ت بچێت.
باره‌گاى هه‌رێمم جێهێشت و پرسیارى ئه‌وه‌م له خۆم ده‌كرد، ئه‌و دیمه‌نه چ په‌یامێك بۆ كوردانى سووریا و توركیا و ئێران ده‌گه‌یەنێ، كه چه‌ندان جار سكاڵاى ئه‌وه‌یان كردووه هه‌وڵى زۆره‌ملێ هه‌یه و رووبه‌ڕووى به‌عه‌ره‌بكردن و به‌تورككردن و به‌فارسكردن ده‌بنه‌وه.
بارزانى له‌ژێر رۆشنایى ئه‌زموونه درێژه‌كه‌ى دركى به‌وه كردووه، كوردى عێراق هه‌لێكى مێژووییان بۆ ره‌خساوه و هه‌رێمێكیان به خواستى خۆیان هه‌یه. به‌ڵام له هه‌مان كاتدا دركى به‌وه‌یش كردووه كه ناكرێت ئه‌و ئه‌زموونه بۆ نه‌خشه‌كانى تر بگوازرێته‌وه، بۆیه ئامۆژگارى چه‌ندان شاندى كوردى كردووه، ته‌نیا به‌وه واز بهینن، بارودۆخى ژیانى كوردان له‌ناو نه‌خشه‌كانى ئێستە باشتر بكه‌ن. ئامۆژگارییه‌كانى بۆ گرتنه‌به‌رى رێگاى واقیعیانه ئاراسته‌ى ژه‌نه‌ڕاڵ مه‌زڵووم عه‌بدى و هاوڕێكانى كرا، كاتێك نه‌خشەى سووریا چووه ناو قۆناغى په‌شۆكاوییه گه‌وره‌كه.
ناكرێت نكۆڵى له‌وه بكرێت كورد تووشى سته‌مكارى گه‌وره و درێژخایه‌ن بوونه‌ته‌وه. به‌ڵام واقیع ئه‌و گوته‌یه ده‌سه‌پێنێ، چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى ئه‌وان له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى نه‌خشه‌كانى ئێسته نییه، بۆ ئاسانبوونى پێوه‌ندى جوگرافى و دیمۆگرافیان. پرۆسه‌ى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى نه‌خشه‌كان له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست هۆكاره‌بۆ جه‌نگى درێژخایه‌ن كه كۆتاییان نایه‌ت.
ناكرێت نكۆڵى له‌و قوربانیانه بكرێت كه كورده‌كان له سووریا له رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى داعش پێشكه‌شیان كردووه. له ئه‌نجامى ئه‌و رووبه‌ڕبوونه‌وه‌یش به چاودێرى ته‌واوى ئه‌مه‌ریكا هه‌سه‌ده له دایك بوو، ئه‌و هێزه خاوه‌نى رۆڵى یه‌كلاكه‌ره‌وه نه‌بوو له خستنى رژێمى به‌شار ئه‌سه‌د بۆ ئه‌وه‌ى پشكێكى ته‌ریب بۆ خۆى دابنێت، وه‌ك ئه‌وه‌ى كورد له عێراق هه‌یبوو، ئه‌وان رۆڵێكى مانادار و گرنگیان له خستنى رژێمى سه‌دام حوسێن هه‌بوو.
گۆڕانكارییه‌كانى سووریا گه‌وره و بێ ئه‌ندازه بوون، زۆر له تواناى كورد گه‌وره‌تر بوو بۆئه‌وه‌ى بۆ ئاواته‌كانى خۆى یان به‌شێكى گه‌وره‌ى ئاواته‌كانى خۆى به‌كارى بهێنێ. ده‌بووایه ژه‌نه‌ڕاڵ عه‌بدى زۆر له‌سه‌ر ئه‌و دیمه‌نه بوه‌ستێ كه ئه‌حمه‌د شه‌رع ته‌وقه له‌گه‌ڵ سه‌رۆك تره‌مپ ده‌كات، ده‌بووایه زۆر له‌سه‌ر هه‌واڵى ره‌زامه‌ندى واشنتن بوه‌ستێ بۆ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ى سزاكان سه‌ر سووریا. زۆر له‌وه وردبێته‌وه شه‌رع رای گه‌یاندووه سووریاى نوێ سه‌رچاوه‌ى هه‌ڕه‌شه نابێت بۆ دراوسێكانى. ئه‌مه‌یش ماناى ئه‌وه‌یه سووریا له رووى سه‌ربازییه‌وه له ململانێ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ده‌چێته ده‌ره‌وه. ده‌بووایه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و راستییه بكات كه سووریاى سه‌رده‌مى شه‌رع هێمایه بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى بەرەى بەرەنگارى "مومانه‌عه"، هه‌روه‌ها گره‌نتییه‌كه بۆ دوورخستنه‌وه‌ى ئێران و حزبوڵا له نه‌خشه‌ى سووریا. ده‌بووایه ئاوڕ له‌وه بداته‌وه كه سووریاى سه‌قامگیر پێویستیه‌كى هه‌رێمایه‌تى و نێوده‌وڵه‌تییه، ئه‌مه‌یش له پێش ئه‌و هاوپه‌یمانییه دێت له‌گه‌ڵ كورد كه بارودۆخێكى دیاریكراو سه‌پاندوویه‌تى.
سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر هه‌سه‌ده شتێكه و سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر كورد شتێكى تره، ده‌كرێت چاره‌سه‌رى سه‌ركه‌وتنى یه‌كه‌م بكرێت به‌وه‌ی مافه‌كانى كورد به ته‌واوى بدرێت وه‌ك هاووڵاتى و رێز له تایبه‌تمه‌ندییان بگیرێت، به‌ڵام سه‌ركه‌وتنى دووه‌م هیچى لێ دانامه‌زرێت ته‌نیا كاره‌ساتى زیاتر نه‌بێت. ته‌نیا سووریایه‌كى دادپه‌روه‌ر ده‌توانێ ئه‌ڵقه‌ى نێوان كوردى ترسا‌و و كوردی ترسێنه‌ر، بشكێنێ.