بۆچی عێراق لە پەرەسەندنی رووداوەكانی سووریا نیگەرانە؟

:: PM:07:39:19/01/2026 ‌

ئێستە دۆخی سووریا ئاڵۆزە و دیار نییە لە كوێ دەوەستێت و چۆن یەكلا دەبێتەوە، دوور لەوەی لە نێوان حكوومەتی كاتیی سووریا و هەسەدە روو دەدات، كە وەك شارەزایان دەڵێن جێبەجێكردنی رێككەوتنی 10ی ئادارە بە شێوازێكی تر، مەترسییەكی گەورە لە سەرهەڵدانەوەی داعش لەو وڵاتە هەیە، ئەوەش عێراقی نیگەران كردووە، بەتایبەتی شیعە، لە ئەگەری دزەكردنی ئەو داعشانە بۆ عێراق و دووبارەبوونەوەی سیناریۆی 2014، كە هەر لە سووریا دەستی پێ كرد.

نیگەرانییەكانی عێراق لەبارەی ئەوەی لە سووریا دەگوزەرێت تەنیا بەهۆی كەمپی هۆل و هەڵاتنی چەكدارانی داعش و خێزانەكانیان نییە، بەتایبەتی ئێستە نەوەی ئەو چەكدارانە پێ گەیشتوون و بە بەردەوام شارەزایان كەمپەكەیان وەك بۆمبێكی دانراوە وەسف كردووە، ئەو كەمپە كەوتووەتە باشووری رۆژهەڵاتی حەسەكە و لەژێر دەستی هەسەدەیە و هەزاران خێزانی داعشی تیادایە، ترسی عێراقییەكان تەنیا بەهۆی ئەو كەمپەوە نییە، بەڵكو شكاندنی ژمارەیەك گرتووخانەیە لەو ناوچەیە.

محەمەد بەیاتی سەركردە لە رێكخراوی بەدر دەڵێت، ئەو هەواڵانەی باسی ئازادكردنی ژمارەیەك لە تۆمەتباران بە توندڕۆیی دەكەن، لەوانە سەركردەی گرنگی داعش و لە رەگەزنامەی جۆراوجۆر، پێویست بەوە دەكات دەسەڵاتدارانی عێراق بەپەلە رێوشوێن وەربگرن، لەوانە تۆكمەكردنی پاراستنی پشتێنەی سنووری لەگەڵ سووریا و راگەیاندنی باری نائاسایی لە سنوورەكان و كاراكردنی هەوڵی هەواڵگری لە ناوچە سنوورییەكان و چاوخشاندنەوە بە زانیاریی گەڕاوەكان و گومانلێكراوەكان و رێگرتن لە هاتنی شانە نوستووەكان بۆ ناو عێراق.

بەهۆی ئەزموونی پێشووی عێراق لەبارەی هاتن و هێرشەكانی داعش و لەناو نەچوونی تا ئێستە بە تەواوەتی، بەتایبەتی كە رووداوەكانی سووریا هاوكاتن لەگەڵ راگەیاندنی كشاتنەوەی تەواوەتی هێزی هاوپەیمانان و ئەمەریكا لە عێراق، پێشتریش داعش لە سووریا بەرەو عێراق هات، ئەوانە وا دەكەن بەرپرسانی عێراق ترسێكی زۆریان هەبێت و داعش بە مەترسییەكی نزیك و گەورە دابنێن كە لەپشت سنوورەكان خۆی مەلاس داوە.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل